پۆلیسی دارستان: بۆ پاراستنی دارستانەکان پێویستمان بە 3,000 پۆلیسی دیکەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
ساڵانە لە وەرزی هاویندا، دەیان دۆنم دارستان لە هەرێمی کوردستان بە هۆکاری جیاواز دەسووتێن، پۆلیسی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: بۆ پاراستنی دارستانەکان، پێویستمان بە دامەزراندنی 3 هەزار پۆلیسی دیکە و دروستکردنی 150 بنکەیە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-06-2022 رائید فوئاد ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و پاوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ پاراستنی دارستانە سرووشتی و دەستکردەکان لە سووتان، دەستکراوە بە دروستکردنی ئاگربڕ و پۆلیسی دارستانیش پلانی خۆی داڕشتووە کە بریتییە لە زیادکردنی مەفرەزە و ئامێرە سەرەتاییەکانی ئاگرکوژاندنەوە.
 
بەپێی ئامارێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2010 تاوەکو ساڵی 2020، ملیۆنێک و 30 هەزار و 873 دۆنم دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان سووتاوە.
 
لە هەرێمی کوردستان تەنیا سێ هەزار و 640 پۆلیسی دارستان هەن، کە لە 66 بنکەدا دارستانەکانی هەرێمی کوردستان دەپارێزن. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و پاوانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو دارستانەکان، پێویستمان بە دامەزراندنی سێ هەزار پۆلیس و دروستکردنی 150 بنکەی دیکەیە".
 
رۆژی 13-4-2022، حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە بارەی دروستکردنی ئاگربڕ بۆ کەمکردنەوەی سووتانی دارستانەکان بە رووداوی راگەیاند: "لە هەر مەودایەکی چوار بۆ پێنج مەتریدا، هێڵێک دروست دەکرێت و پووش و پەڵاشەکان لادەبرێن، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاگرکەوتەوە، کەمترین رووبەر بسووتێت و نەپەڕێتەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ئەوەش دەبێتە هۆی بڕینی ئاگرەکە."
 
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەو ئاگربڕە لە ناو دارستانە دەستکردەکان دروست دەکرێت و لە وەزارەت داوایان کردووە هاوکاریان بن و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک کرێکاریان بۆ دابینکردوون، لە بارەی دارستانە سرووشتییەکانیش گوتی: "زۆرجار لە دارستانە سرووشتییەکانیش دەکرا، بەڵام بە داخەوە ئێستا بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست ناکرێت."
 
لە بارەی رێگەکانیان بۆ گەیشتنی کەمترین زیان بە دارستانەکان گوتی: "ئەو ئاگربڕە بە دوو رێگە دەکرێت، ئەویش دروستکردنی ماددەی کیمیایی بۆ بنبڕکردنی گژوگیا و لەڕیگەی میکانیکییەوە، کە لە لایەن کرێکارەوە دروستدەکرێت." 
 
لە بارەی رێگەی ماددەی کیمیایی و میکانیکیشەوە گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک ماددەی کیمیایی هەن بۆ بژارکردنی گژوگیاکە، پێش ئەوە دەڕێژرێت و دەبێتە هۆی وشککردنی ئەو گژوگیایە و لە رەگەوە لە نێوی دەبات، رێگەیەکی دیکە هەیە کە لەڕێگەی کرێکارەوە بە پاچ و خاکەناس زەوییەکە دەکێڵدرێت". 
  
نەقیب فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی: تەنیا لە ساڵی 2021دا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 30 هەزار دۆنم دارستان و پووش و پاوان سووتاون.