لە قەڵادزی هاونیشتمانییەک ''لەکاتی یاری لەشجوانی'' گیانی لەدەستدا

02-06-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن قەڵادزێ
A+ A-
رووداو - قەڵادزێ

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، هاونیشتمانییەک لە هۆڵێکی وەرزشی سەرقاڵی یاری لەشجوانی بووە و و لەکاتی یاریکردندا گیانی لەدەستداوە. 

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2-6-2019 تەرمی هاووڵاتیەک بەناوی ( ت.ر.ع) لە رەگەزی نێر، لەدایکبووی ساڵی 1985 دانیشتووی قەڵادزێ - گەڕەکی کارەبا لەلایەن چەند کەسێک گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ، بەمەبەستی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەشی بەڕێکرا بۆ سلێمانی".

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت: ''بەگوتەی ئەو کەسانەی تەرمەکەیان هێناوەتە نەخۆشخانە لە هۆڵێکی وەرزشی سەرقاڵی یاری لەشجوانی بووە، بەڵام لەکاتی یاریکردن دەستبەجێ کەوتووە بە زەویداو گیانی لەدەستداوە''.

شۆڕش ئیسماعیل ئاماژە بەوەش دەکات کە "بە گوتەی کەسوکارەکەی ئەمڕۆ بەڕۆژوو بووە و دوای نان خواردن چووەتە هۆڵی وەرزشی بۆ یاری لەشجوانی ، سکاڵاشیان لەسەر کەس نییە، مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە