سێ‌ مێرمنداڵی ئێزدی لە ریزەكانی داعشدا كوژراون

رووداو- دهۆك

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو، سێ مێرمنداڵی كوڕی ئێزدی كە لەلایەن داعشەوە پێشتر رفێنرابوون، براون بۆ بەرەكانی شەڕ و لە ریزەكانی داعشدا كوژراون.


بەپێی ئامارە نافەرمیەكان نزیكەی 5000 پیاو و ژن و منداڵی كوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە رفێنراون. بەڵام میدیاكان زیاتر تەركیزیان لەسەر ئافرەتانی رفێنراو بووە و زیاتر رۆشنایی خراوەتە سەر چارەنووسی ئەو ئافرەتانە كە داعش وەكو كۆیلەی سێكس رایگرتوون.

 هەواڵی كوژرانی ئەو سێ مێرمنداڵە چەكدارە، ئەو پرسیارە دێنێتە ئاراوە كە ئاخۆ چی بەسەر منداڵە كوڕەكان هاتووە؟

هەواڵی كوژران- بێ ئەوەی كە پشتڕاست كرابێتەوە- زۆرجار دڵی دایكە ئێزدییەكان دەهەژێنێ. لەوەتای داعش ناوچەكانی گرتوون، زۆر لە دایكان و خوشكانی ئێزدی ئاگایان لە چارەنووسی كوڕ و پیاوەكانیان نەماوە.

ژنێكی ئێزدی كە توانیویەتی لە زیندانێكی داعش هەڵبێت، لە زیندانەكەدا لەگەڵ كوڕەكەی بووە. چیرۆكی ئەو دایكە نیوە وەڵامێكی پرسیارەكەی ئێمە دەداتەوە. ئەگەر داعش لە شووشتنەوەی مێشكی منداڵەكان سەركەوت، ئەوكات دەیانخاتە ژێر مەشقێكی جەستەیی قورسەوە. زۆرجار ئەو مەشقە لە نێو كامپە تایبەتەكانی سووریادا دەكرێ.

لەهەندێك لە حاڵەتەكاندا، كوڕەكان لە كاتێكدا كە لەگەڵ دایكیاندا دەژیان، راهێنانیان پێدەكرا و مێشكیان دەشۆرایەوە. ئەمە چیرۆكی ئەو ئافرەتەشە كە توانیویەتی هەڵبێت.

ئەو دایكە دوو كوڕی هەبوو، یەكێكیان تەمەنی حەوت ساڵ و ئەوی دیكە چواردە ساڵان بوو. كاتێك كە ئەویان بردووە بۆ سووریا هەردوو كوڕەكەی لەگەڵیدا بوون. هەموو رۆژێك دوای وانەی شووشتنەوەی مێشكیان، كوڕەكان سەردانی دایكیان دەكرد. دواتریش منداڵەكان دەنێردرێن بۆ كامپی مەشقكردن، بەڵام ئەوان هەر دەتوانن سەردانی دایكیان بكەن.

پاش ماوەیەك دایكەكە هەستی بە گۆڕانكاری لە كوڕەكانیدا كردووە. هەرچەندە منداڵەكان زۆر لەگەڵ دایكیان باسی ئەو شتانەیان نەدەكرد، بەڵام دایكەكە هەستی بە گۆڕانكاری لە منداڵەكانیدا كردووە. برینی سەر دەستی كوڕە گەورەكەی، ئەوەی بۆ دایكەكە دەرخست كە منداڵەكانی مەشقی چەك و تەقەمەنییان پێدەكرێت.
هەرزوو دایكەكە هەستی بەوە كرد كە كوڕەكەی بۆ بەرەكانی شەڕ نێردراوە تاوەكو شەڕ بۆ ئەو گرووپە بكات كە دەستبەسەری كردوون.

ئەوان بە هاوكاریی زیرەكانەی كوڕە گەورەكە دواجار توانیویانە هەڵبێن. كوڕە گەورەكەی رۆژێك گوتوویەتی نەخۆشە و ناتوانێت بچێت بۆ مەشق. دواتر چاوەڕێی كردووە تاوەكو هەموو چەكدارەكان ئەو شارەی سووریایان بەجێهێشتووە بەرەو شەڕ، ئەوكات هاوكاریی دایكی و براكەی كردووە تاوەكو هەڵبێن.

بەڵام ئەمە كۆتایی چیرۆكەكە نییە. دوای ئەوەی كە ئەو خێزانە دەگەنەوە هەرێمی كوردستان، دایكەكە بۆی دەردەكەوێ كە كاریگەریی داعش لە شووشتنەوەی مێشكی منداڵەكانی چەندە بەهێز بووە. منداڵە بچووكەكەی دوای گەیشتنیان بە كوردستانیش هەر دەیویست رۆژی پێنج جار نوێژ بكات. ئەو منداڵە گوێی بۆ هیچ كەس رانەدەگرت و هەموو كەسێكی بە دوژمنی خۆی دەزانی.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئەم دایكە هێشتا بەختی باشە. هیچ نەبێت خۆی و كوڕەكانی هێشتا زیندوون و بەچارەسەری درێژخایەنیش كوڕەكانی دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی. دۆزینەوەی چارەسەر رەنگە كاتی پێبچێت، بەتایبەتی لەبەرئەوەی كە چارەسەر لە هەرێمی كوردستان ناكرێت و هۆشیاری دەربارەی نەخۆشیی دەروونی هێشتا گەلێك كەمە.

ئەو گرووپە سووریانەی كە شەڕی داعش دەكەن و چەكداری داعشیان بە دیل گرتووە، دەڵێن داعش هەر لەسەرەتاوە سەربازی منداڵی بەكارهێناوە. گرووپەكانی دیكەش منداڵی كوڕ وەردەگرن، بەڵام داعش بە جددی كار لەسەر راكێشانی منداڵان بۆ نێو ریزەكانی دەكات. داعش تەنانەت بە "داهاتووی دەوڵەتی ئیسلامی" ناویان دەبات.

ئەو ترس و تۆقینەی كە داعش لە دڵی چەكدارەكانیدا دەیچێنێت، وا لە چەكدارەكانی دەكات خۆزگە بە مردن بخوازن بۆ ئەوەی زوو بگەنە بەهەشت. ئەم بڕوایە لە دواجاردا دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژیانی زۆر لە چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە توندڕەوە.  بەمشێوەیە داعش ژمارەیەكی زۆر چەكداری لەدەست دەدات و پێویستی بە چەكداری تازە دەبێت.

بەبێ ئەو پرۆسەی شووشتنەوەی مێشكە، چەكدارانی مێرمنداڵ و پیاو بە ئاسانی قایل ناكرێن بەوەی كە خۆیان بتەقێننەوە.

پێویستیی داعش بۆ چەكداری نوێ هێندە زۆرە كە بەم دواییە بە زۆر خوێندكارانی دواناوەندییەكانی كردووەتە چەكدار. ئەو ئێزدیانەی كوڕیان دیارنەماوە و گومانیان هەیە رفێنرابن، لە مێژە چاوەڕێی رۆژێكن هەواڵی مەرگی كوڕەكانیان لە بەرەكانی شەڕكردن بۆ داعش، ببیستن.

ئەوان هەروەها ترسیان هەیە كە دوای نۆ مانگ راگرتنیان لە زیندان، چیدی كوڕ و پیاوەكانیان نابنەوە بە كوڕ و باوكەكەی جاران. ترسیان هەیە كە داعش ئەوانی كردبێت بە داردەستی خۆی. مێشكی وا شووشتبنەوە كە هەتا هەتایە نەتوانن لە زنجیرەكانی داعش خۆیان رزگار بكەن. هەروەها دەزانن ئەوانەی كە هەوڵی راكردنیان داوە و دەستگیركراون، یەكسەر گوللەباران كراون.

ئەوانەش كە هەڵدێن و دەرباز دەبن، تەنیا چەند كەسێكی بە بەختن. هەرچەندە ئەو دوو كوڕە منداڵە رەنگە وەكو ئافرەتەكان رووبەڕووی دەستدرێژی نەبووبێتنەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە كە رووبەڕووی دەستدرێژی سایكۆلۆژی بوونەتەوە. زۆركەس زۆریان لێكراوە بۆ دۆزێك بمرن كە دۆزی ئەوان نییە.

تەنانەت ئەگەر چارەسەری دروستیش وەرگرن، هێشتا هەندێك لەمانە ئەو برینە دەروونیانەی كە بۆیان دروست بووە، هەتا هەتایە لەگەڵیان دەمێنێتەوە.