لە ئاکرێ گەنجێک پێنج ساڵە لە دارستاندا دەژی و گۆشت بە خاوی دەخوات؛ تەنیا بۆ خەوتن دەگەڕێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێک لە ئاکرێ جیاواز لە خەڵکی دیکە دەژی، ئەو پێنج ساڵە لە ناو دارستاندا ژیان بەسەر دەبات و تەنیا بۆ خەوتن دەگەڕێتەوە ماڵەوە. عیمران تەمەنی 28 ساڵە و خەڵکی ناحیەی دینارتەیە، گۆشت بە خاوی دەخوات.
 
عیمران سەلیم، ژینگەدۆست بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەزم لە سرووشتە، هیچ گیانەوەرێک یان باڵندەیەک بە بێ هۆکار ناکوژم، بەپێی پێویستی خۆم دەیانکوژم، یان مار یان بۆق یان هەر شتێکی دیکە."
 
ئەو هاونیشتمانییە لە منداڵییەوە شوانە و دەڵێت، حەزێکی زۆری بۆ سرووشت هەیە، جلوبەرگەکانی لە پێست و مووی بزن دروستکراون، زۆرینەی کاتەکانی لە ناو دارستان بە وەرزشکردن بەسەر دەبات. عیمران ئێسک و پێستی ئاژەڵیشی لە خۆی کۆکردووەتەوە.
 
عیمران سەلیم باسی لەوە کرد، "مەبەستم ئەوە نییە کە بێمە ناو دارستان و لە خەڵکی دیکە دووربکەومەوە یان رقم لێیان بێت، بەڵکو ئامانجم ئەوەیە شێوازی کۆن نیشانی خەڵک بدەم و لە فیلمێکدا هەمان رۆڵ ببینم."
 
ئەو گەنجە تاوەکو ئێستا ژیانی هاوژینی پێکنەهێناوە، دەرچووی پەیمانگەی کارگێڕیی گومرکە و دەڵێت، تاوەکو لە ژیاندا مابێت، لەسەر ئەو شێوازە ژیانکردنە بەردەوام دەبێت.