پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە دەستپێدەکاتەوە؛ نزیکەی 1300 ئەفسەر سوودمەند دەبن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، دوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ پاشکۆی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ـی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت و واژۆی لەسەر کرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەو ئەفسەرانەی پلەیان بەرز دەکرێتەوە نزیکەی هەزار و 300 ئەفسەرن.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 2ـی ئایاری 2023 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رەزامەندیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2020 و 2021 لەگەڵ پاشکۆی خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی 2018 و 2019ـی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت و فەرمانەکە لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆی لەسەر کرا".
خشتەکە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی (70 و 80)ی تێدا نییە؛ هێزەکانی 70 سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و 80 سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو ئەفسەرانەی لە خشتەکەدا ناویان گەڕاوەتەوە و پلەیان بەرز دەکرێتەوە نزیکەی هەزار و 300 ئەفسەرن.
پلە بەرزکردنەوەی پێشمەرگە تاوەکو پلەی جێگری ئەفسەر، راستەوخۆ بە فەرمانی وەزیر ئەنجام دەدرێت؛ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران لە وەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و دوای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت مەرسومی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ دەربچێت و پاشان رەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێتەوە و دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.