گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی: پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگە و لە کاتێکی پێویست بوو


رووداو-هەولێر

گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تەبایی نێو ماڵی کورد پەیامێکی گرنگ بوو و ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستراتیجییەک دابڕێژێت بۆ ئەوەی کێشەکان بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن.
 
رۆژی دووشەممە 2-5-2022 خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان میوانی بوولتەنی هەواڵی کاژێر 11ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند: "پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکجار گرنگ و پێویست بوو؛ هەرچەند ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەو پەیامە جێگەی دەستخۆشییە و گفتوگۆ و لەیەکتێگەیشتن بابەتێکی یەکجار گرنگ و دەستپێکی چارەسەری هەموو کێشەکانە".
 
خەلیل ئیبراهیم گوتی: "دەبێ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حیزبی سەرەکی دان بەوەدا بنێن کە لە بەرامبەر ماف و نادادی و پرسی گەنجان و ژیانی کۆمەڵایەتی و مووچە و هەژاری کەمتەرخەم بوون؛ دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە و دەستبکەن بە داڕشتنی بەرنامەیەکی نوێ بۆ چارەسەری ریشەیی و چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا".
 
لەبارەی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو دەڵێ: "ئەمڕۆ کۆمەڵگەی ئێمە لە قەیرانێکی قووڵدایە، متمانە و هیوا نەماوە و خەڵک بێزارە؛ سەرباری ئەو دەردانەش، ناکۆکی و هێرشکردنەسەر یەکتر لەلایەن ئەو دوو حیزبە هەیە، لەکاتێکدا دەوروبەرمان هەمووی ناحەزن و عێراق و کوردستان خۆیان کێشەی یەکجار زۆریان تێدایە".
 
خەلیل ئیبراهیم پێیوایە، پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی نێوان پارتی و یەکێتی لاواز دەبێت.
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "پێویستە ستراتیجییەکی نەتەوەیی روون هەبێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو ستراتیجییەتە دابڕێژێت؛ بەڕێزیان سەردانێکی حیزبەکان بکات و بەرنامەکەی بخاتەکار و دوای ئەوە کۆبوونەوەیەکی گشتی بۆ هەموو لایەنەکان رێکبخات؛ ئێمە زۆرجار کۆبووینەتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێ ستراتیجییەتێکی سیاسی و نەتەوەیی هاوبەش هەبێت کە لەئاست ئەم قۆناخەی ئێستادا بێت".
 
خەلیل ئیبراهیم گوتی: "دەبێ بەرپرسیارێتیی دەسەڵات بەرامبەر خەڵک دیاربێت؛ ئێستا ئاشتکردنەوەی خەڵک کارێکی یەکجار پێویستە. ئێستا دۆخی مووچە و نۆرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینان دەبینین و شەرم لە خۆمان دەکەین؛ ئەوە چ قۆناخێکە تێیکەوتووین؟ ئێمە گەیشتووینەتە چ ئاستێک؟ ئەو بێباکی و بێمنەتی و نابەرپرسیارییە سیمایەکی یەکجار ناشیرینە".
 
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، جیاوازی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان هەر دەبێ هەبێت، بەڵام "دەبێ بۆ گرفتەکانی خاک و کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا ستراتیجییەتێکی گشتی دابڕێژین بەجۆرێک کەس نەتوانێ لێی لابدات؛ ئەو هێز و لایەنە بەرپرسانەی ئەمڕۆ کاروباری هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن یەکێتی و پارتین و هەردووکیان هاوبەشن لە حکومەت و 30 ساڵە ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن؛ چارەنووسی ئەم وڵاتە لەدەستی ئەواندایە؛ بۆیە دەبێ پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەن و بڵێن بەسە".
 
لەبارەی هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامی بەرامبەر پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی ئەو حیزبە دەڵێ: "ئێمە وەک ئۆپۆزیسیۆن هەمیشە ئامادەین و هەر بەرنامەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی کە لەبەرژەوەندی خەڵکدابێت، پێش هەموو لایەنێک پشتیوانی لێدەکەین".