خالید شوانی: هەوڵەکان بۆ ئەوەیە مووچەی مانگی سێ پێش جەژن بنێردرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی بۆ رەوانەکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نییە و هەوڵەکانیش بەو ئاراستەیەن پێش جەژن مووچە خەرج بکرێت.
شەوی سێشەممە 02ـی نیسانی 2024، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق وەڵامی پرسیاری زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدای دایەوە و گوتی، "هیچ بەربەستێکی یاسایی یان سیاسی نییە بۆ رەوانەکردنی مووچەی مانگی سێی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. هەوڵەکان لەپێناو ئەوەیە پێش جەژن مووچە خەرج بکرێت".
لەبارەی ناردنی ناوی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، خالید شوانی گوتی، "ئەو رێککەوتنە بەراییەی لەنێوان هەردوولایەندا کراوە بەو جۆرەیە ناوی هێزە ئەمنییەکان بە کۆد بنێردرێت و تاوەکو ئێستاش ئەو رێککەوتنە کارپێکراوە".
بۆ ناردنی بەردەوامی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری دادی عێراق کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستەکەی وەرگرتووە، گوتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بەگوێرەی میکانیزمەکان لیست رەوانەی بەغدا بکات و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە، رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت بۆ خەرجکردنی پارە. هیچ رێگرییەکی یاسایی و سیاسی لە رەوانەکردنی مووچەکەدا نییە".
خالید شوانی ئاماژەی بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هەندێک جار [ناردنی پارە] دوادەکەوێت. پێویستە وەزارەتی دارایی [هەرێمی کوردستان] و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستییە کارگێڕی و داراییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق جێبەجێ بکەن و خۆیان لەگەڵ ئەم میکانیزمانە رابێنن کە لە حکومەتی ئیتیحادی پیادە دەکرێن".
بە گوتەی وەزیری دادی عێراق، هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی عێراقیش ئەگەر بێت و رێوشوێنە کارگێڕییەکانیان کێشەی تێدابێت، ئەوا وەزارەتی دارایی بودجەکانیان نانێرێت تاوەکو چارەسەری نەکەن.
خالید شوانی ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەر ئەوەی دابڕانێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی دروستبووە، زۆر جار ئەو لیستانەی دێن کەموکورتییان تێدایە یان بەگوێرەی پێداویستی و پێوەرەکانی وەزارەتی دارایی [عێراق] نییە. ئەمە وادەکات خەرجکردنی پارەکە دوابخرێت".
وەزیری دادی عێراق گوتی، "سەرۆکوەزیران جەخت دەکاتەوە کە هیچ رێگرییەکی یاسایی و سیاسی نییە لەبەردەم ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتیحادی لەپێشینە سەیری مووچە دەکات".
وەزیری دادی عێراق باسی لەوەشکرد، سوودانی گوتوویەتی، "بەدەر لە بەندەکانی یاسای بودجە و هەمواری یاسای بودجە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ بودجەی فەرمانبەران دانراوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
بە گوتەی خالید شوانی، "مانگی رابردوو لەسەر کۆدەکە رێککەوتن کراوە و بۆ ئەم مانگەش پیادە دەکرێت و لە وردبینیدایە و رێککەوتنێکی مەبدەئی لەسەر کراوە؛ بۆ ماوەی داهاتوو، دەبێت بەشێوەیەکی هەمەلایەنە رێککەوتن لە شێوازەکەیدا بکرێت".
پەیامنێری رووداو بە وەزیری دادی گوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت پێداویستییە دارایی و کارگێڕییەکانی رەوانەی بەغدا کردووە و پارەش نەنێردراوە، لە وەڵامدا وەزیری دادی عێراق گوتی، "ئێستا لێرە وردبینی دەکرێت؛ ئێستا هیچ بەربەستێک نییە و بڕواناکەم هیچ دروست بێت. هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن پێش جەژن ئەو بودجەیە خەرج بکرێت".
تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق تەنیا مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەم ساڵی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە. بۆ مووچەی مانگی شوبات، زیاتر لە 600 ملیار دیناری ناردووە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان داوای 949 ملیار دیناری کردبوو.