لە هەولێر و دهۆک نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای سلێمانی و هەڵەبجە، ئەمڕۆ لە هەولێر و دهۆک نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە دیاریکرا. لە زۆرینەی گەڕەکەکانی هەولێر نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان 11 بۆ 16 هەزار و 500 دینارە و لە چەند گەڕەکێکیش دەگاتە 20 هەزار دینار. لە دهۆکیش ئەمپێرێک 17 هەزار و 500 دینارە.
 
لە هەولێر کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان بە خشتەی جیایە. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە زۆرینەی هەولێر کە گەڕەکەکانن، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان 11 بۆ 16 هەزار و 500 دینارە."
 
لە هەندێک گەڕەکی "زۆر کەم"ی هەولێر نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان 16 بۆ 20 هەزار دینارە، کە مانگی ئادار "کێشەی کارەبای نیشتمانییان هەبووە و موەلیدە زیاتر کاری کردووە."
 
لە هەندێک گەڕەکی هەولێر لەسەر خواستی زۆرینەی دانیشتووانەکەی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدەکان 24 کاژێر کار دەکەن. خۆران خۆرانی گوتی، "ئەوانە نزیکەی 30 موەلیدەن لە هەولێر، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان 17 هەزار و 500 دینار بۆ 20 هەزار دینارە."
 
لەنێو شاری دهۆک موەلیدەکان لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کار دەکەن و ئەمڕۆ نرخ دیاری کرا. هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێو سەنتەری دهۆک، سێمێل و سەنتەری زاخۆ 17 هەزار و 500 دینارە."
 
دوێنێ لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە دیاریکرا. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، مانگی رابردوو موەلیدەی نێو گەڕەکەکان لەنێوان 320 بۆ 350 کاژێر کاریان کردووە؛ بەگوێرەی ئەوە، نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەنێوان 13 بۆ 14 هەزار دیناردایە.
 
لە سلێمانیش لە چەند گەڕەکێک موەلیدەکان کارەبای زیاتریان داوەتە هاونیشتمانییان و نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لەو گەڕەکانە 15 هەزار و 500 دینار بۆ 17 هەزار دینارە. ئەو موەلیدانەشی 24 کاژێر کاریان کردووە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، نرخی ئەمپێریان 19 هەزار و 500 دینارە.
 
هەروەها زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو موەلیدەکانی سنوورەکەیان لەنێوان 315 بۆ 330 کاژێر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 12 هەزار و 500 دینار بۆ 14 هەزار دینارە.
 
مانگی رابردوو لە هەولێر کەمترین نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە 12 هەزار و زۆرترین 21 هەزار دینار بوو؛ لە دهۆک 19 هەزار و لە هەڵەبجەش 14 هەزار دینار بوو؛ لە سلێمانی زۆرینە، کە ماڵانن 11 هەزار و 750 دینار و بازرگانییش 16 بۆ 17 هەزار دینار بوو.
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7000 موەلیدەی ئەهلی هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کارەبا دەدەنە هاوبەشانیان.