لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری زەڕایەن کەسێک گیانی لەدەستدا و نۆی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری زەڕایەن رووداوێکی هاتووچۆ روویدا لەئەنجامدا 10 کەس بریندار بوون کە دواتر یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
رۆژی شەممە 02-03-2024 عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە کاژێر 4:40 خولەکی ئیوارە لە سنووری زەڕایەن لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری کراون ماجێستا و سەنییەکی تاکسی روویداوە.
بە گوتەی عەقید بەختیار محەممەد، ئۆتۆمبێلی کراون ماجێستاکە بە شوفێرەکەوە شەش سەرنشینی تێدا بووە، لە تاکسییەکەشدا پێنج کەس هەبوون، لە کۆی ئەو 11 کەسە 10 کەسیان بریندار بوون؛ یەکێک لە بریندارەکان ئافرەت بووە و گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، رووداوەکە بەهۆی خێرایی ئۆتۆمبێلی کراون ماجێستاکە بووە، چونکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە سایدی بەرامبەر و لە تاکسییەکەی داوە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی"122" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەش بریندار رەوانەی فریاکەوتن کران، یەکێکیان ئافرەت بوو و بەهۆی برینەکەی گیانی لەدەستدا."
سامان نادر گوتیشی، پێنج کەسەکەی دیکە دووانیان منداڵ بوون تەمەنیان هەشت و 10 ساڵان بوون، و ئەوانی دیکەش پیاو بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی شار کران.