رووداو پۆدکاستی گفتوگۆی رۆژنامەنووس بڵاودەکاتەوە
رووداو - هەولێر
تۆڕی میدیایی رووداو ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار پۆدکاستی بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووس بڵاودەکاتەوە و ئێستا بیسەرانی رادیۆی رووداو دەتوانن جگە لە رادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرنامەکە لە پلاتفۆڕمە بەنێوبانگەکانی پۆدکاست دابگرن و هەرکات ویستیان گوێبیستی بن.
پۆدکاستی رووداو ئێستا لە زیاتر لە 10 پلاتفۆڕمی پۆدکاست سەرهێڵە، لەوانە پۆدکاستی ئەپڵ و گووگڵ، هەروەها لە Listen Notes کە بە گووگڵی پۆدکاست دادەنرێت.
لینکی پۆدکاستی رووداو لە خوارەوە دانراوە و بیسەران دەتوانن لە پلاتفۆڕمی دڵخوازی خۆیان ببنە هاوبەش و گوێبیستی بەرنامەکە بن.
پۆدکاست فایلێکی دەنگییە و لە سەر ئینتەرنێت بڵاودەکرێتەوە تاوەکو بیسەران بتوانن دایبگرن و لەسەر کۆمپیوتەر یان مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە گوێبیستی ببن.
بیسەران دەتوانن لە یەکێک لە پلاتفۆڕمەکانی پۆدکاست خۆیان تۆمار بکەن و ببنە هاوبەش، بەو جۆرە دەتوانن بە شێوەیەکی خۆکرد فایلێ نوێ بۆ لیستی پۆدکاستە دڵخوازەکانیان بەردەست بێت.
گفتوگۆی رۆژنامەنووس بەرنامەیەکی گفتوگۆ ئامێزە هەریەک لەرۆژنامەڤانان ئاکۆ محەممەد، رێبوار کەریم وەلی و عارف قوربانی سەرنجی رۆژنامەڤانییانەی خۆیان لەسەر دیارترین سێ رووداوی هەفتە دەخەنە ڕوو، هەفتانە رۆژانی دووشەممە پێشکێشدەکرێت.