وەزارەتی ناوخۆ: دروستکردنی کەمپ بۆ خێزانی چەکدارانی داعش لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەبێتە مەترسی
رووداو - هەولێر
حكومەتی عێراق بەنیازە لە چەند مانگی داهاتوودا دەیان هەزار ئەندامی خێزانی داعش بگوازێتەوە بۆ كەمپێك كە ئێستا لە ناوچەی زوممار دروستدەكرێ. بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا، حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكەش بە دروستكردنی كەمپەكە قایل نین.
لە ساڵی رابردووەوە حكومەتی عێراق بەنیازی دروستكردنی كۆمەڵێك كەمپی دەستبەسەرییە بۆ 280 هەزار كەس لەوانەی ئەندامی خێزانەكانی چەكدارانی داعشن كە ئێستا 30 هەزاریان لە كەمپەكانی سووریان.
سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا بە (رووداو)ی راگەیاند: "لە حوزەیرانی 2019 رێككەوتنێك لە نێوان حكومەتی عێراق و سووریا و یوئێن بۆ گواستنەوەی 32 هەزار ئەندامی خێزانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق كراوە".
نەتەوەیەكگرتووەكان لە سەرەتای پارساڵ پلانێكی بۆ گەڕاندنەوەی 30 هەزار ئەندامی خێزانی چەكدارانی داعش رادەستی حكومەتی عێراق كردبوو، داوای كردبوو خێزانەكان بەسەر كەمپە جیاجیاكانی عێراقدا دابەش بكرێن، نەك هەموویان لە یەك كەمپدا كۆبكرێنەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا، دەڵێت پێشتر بڕیار بوو ئەو 30 هەزار كەسە بگوازرێنەوە بۆ كەمپەكانی حەمام عەلیل و چەند كەمپێكی دیكە لە باشووری كەركووك، بەڵام پلانەكە بەهۆی هەڕەشەی بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا و خۆپیشاندانی خەڵكەوە راگیرا.
زۆرینەی ئەو خێزانە عێراقییانە لە كاتی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی باغۆز لە ئاداری 2019، روویان لە كەمپی ئەلهۆل لە پارێزگای حەسەكە لە رۆژاڤای كوردستان كردبوو.
لە چەند مانگی رابردوودا بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا هەوڵی زۆریان داوە حكومەتی عێراق لە بڕیاری دروستكردنی كەمپی زوممار پەشیمان بكەنەوە، بەڵام هەوڵەكان هیچ ئاكامێكیان نەبووە.
جێگری یەكەمی پارێزگاری نەینەوا لەبارەی هەوڵەكانیان دەڵێ: "ئێمە یاداشتێكمان بە عادل عەبدولمەهدی دا، ئەو بابەتەكەی راگرت، بەڵام دیسان سەریهەڵدایەوە. هەتا ئێستا دیار نییە ئەو خێزانانە دێن یان نا، هەواڵ هەیە كە دوایانخستووە".
زوممار شارۆچكەیەكی سەر بە قەزای تەلعەفەرە و ناوچەیەكی ناكۆكی لەسەرە. ئەو شارۆچكەیە كە كورد و عەرەبی تێدا نیشتەجێیە، لە ئابی 2014 داعش دەستی بەسەردا گرت و لە تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كرایەوە. لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017شەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزە عێراقییەكاندایە.
سەرچاوەیەكی باڵای كورد لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، بە مەرجی ئاشكرانەكردنی ناوی بە (رووداو)ی گوت: "ئەگەر هەیە كارەكانی كەمپی زوممار رابگیرێ و تەواو نەكرێ، چونكە قایمقامێتی مووسڵ داوای كردووە ئەو كەمپە لەوێ دروست نەكرێ". بەڵام رۆژبەیانی دەڵێ "مانگ و نیوێكە كار لە كەمپەكە دەكرێ و 60٪ی تەواو بووە، هەتا كۆتایی مانگی داهاتوو كارەكانی تەواو دەبێ".
هێرشی داعش جگە لە وێرانكاری و كوشتاری خەڵكێكی زۆر، درزی گەورەشی لە كۆمەڵگاكانی ئەو ناوچانەدا دروست كرد، بە تایبەتی لە نێوان كورد و عەرەب. لە كاتێكدا دوای هێرشی داعش گومانی زۆر لە نێوان پێكهاتەی ئەو كۆمەڵگایانە بەرامبەر یەكدی دروستبووە و گەڕانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی خێزانی داعش كە زۆربەیان عەرەبن، هەڕەشەی گۆڕینی دێمۆگرافی لە ناوچەكە دەكات.
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "مەترسیی دروستكردنی ئاژاوە و شەڕێك لە نێوان پێكهاتەكان هەیە، مەترسیی گۆڕینی دێمۆگرافیی ئەو ناوچانەش هەیە. ئێمە لە پلانەكەدا بەشدار نین و نازانین چۆنە و چۆن جێبەجێ دەكرێ و چۆن دەیپارێزن".
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەغدای ئاگادار كردووەتەوە كە نابێ ئەو خێزانە داعشانە بۆ ئەو ناوچە ناكۆكی لەسەرە بگوازرێنەوە، بەڕێوەبەرەكەی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ: "پلانەكە جێی گومانە و هۆكارەكانی پشت ئەو پلانەكە ناڕوونن".
عەلی عەبباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە كەمپەكەی زوممار بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە ئەو ناوچەیەمان هەڵنەبژاردووە. نووسراومان هەیە كە دەڵێین كەمپی بەتاڵمان لە باشووری مووسڵ هەیە، نووسراوەكانمان بۆ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی نارد، بەڵام ئەوان گوتیان ناوچەكانی باشووری مووسڵ لەڕووی ئەمنییەوە لاوازن".
گوتەبێژەكەی وەزارەتی كۆچ ئاشكرای كرد كە دوای نامەكانی ئەوان "تیمێكی كار لە سوپا راسپێردرا و ناوچەكەیان رووپێو كرد و دوو ناوچەیان هەڵبژارد كە یەكێكیان لە نزیك بەعاجە و ئەوەی دیكەیان لە نزیك زوممارە".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە "گەڕانەوەی عێراقییەكان ئارەزوومەندانە دەبێ و پێشنیازیش كراوە هێزێك بە قەبارەی لیوایەك پاراستنی كەمپەكەی زوممار لە ئەستۆ بگرێ".
چاوەڕێ دەكرێ دانانی ئەو كەمپە لە زوممار جموجوڵی داعش لەو ناوچەیە زیاتر بكات. هۆشەنگ محەممەد دەڵێت: "ئەو كەمپە دەبێتە هۆكاری زیادبوونی جموجوڵەكانی داعش و بەهێزبوونەوەی ئەو گروپە لەو ناوچەیە".