سەرچاوە خۆجێیەکان: هەسەدە 10 چەکداری 'سوپای نیشتمانیی سووریا'ـی کوشت

دوو چەکداری سوپای نیشتمانیی سووریا، وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەسەدە و چەکدارانی سوپانی نیشتمانیی سووریا لە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی منبج لە باکووری سووریا، بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، 10 چەکداری 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کوژران. 
 
رۆژی شەممە، شوباتی 2025، سەرچاوە نێوەخۆییەکانی سووریا رایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکیش دا لە منبج، 9 کەس کوژراون، کە ژمارەیەکیان چەکداری سوپای نیشتمانی بوون، لەنێو کوژراوەکاندا دوو منداڵ و ئافرەتێکیش هەن. 
 
تەقینەوەکەی منبج زیانی مادیی زۆریشی لێکەوتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کێ لە پشت تەقینەوەکەیە.
 
سەرچاوە نێوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ رۆژی شەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باشوور و رۆژهەڵاتی منبجەوە، هێرشی کردووەتە سەر پێگەکانی چەکداران.
 
هەسەدە، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژی شەممە، رایگەیاند هێزەکانیان لە دەوروبەری شاری منبج، چەندین پێگەی چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریایان کردووەتە ئامانج. 
 
لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیکی تورکیا رۆژانە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە لە باکوور و باکووری رۆژئاوای سووریا دەکەنە ئامانج. ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی تورکیا بەردەوام داوایان لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کردووە، هەسەدە نەهێڵن.