وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماری نوێ لەبارەی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی پار بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی پارساڵ زیاتر لە 53 هەزار و 500 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر 107 هەزار کەسیش بریندار بوونە. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 2ـی شوباتی 2024، ئاماری نوێی لەبارەی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی 2023 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 53 هەزار و 537 کەس گیانیان لەدەستداوە و 107 هەزار و 213ـی دیکەش برینداربوونە. 
 
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتدا کۆی گشتی 38 هەزار و 901 بینا رووخاون، بەڵام هیچ ئامارێكی لەبارەی ئەو کەسانە بڵاونەکردەوە کە بەهۆی بوومەلەزرەکە بێسەروشوێن بوون. 
 
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر لە شەشی شوباتدا دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 لە شارۆچکەکانی پازارجخ و ئەلبستان سەر بە پارێزگای مەڕەشی باکووری کوردستان روویاندا، بوومەلەرزەکان زیانیان بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان، سێ پارێزگای تورکیا و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گەیاند.
 
لە دوای ئەو دوو بوومەلەرزە گەورەیەوە تائێستا 44 هەزار و 369 پاشلەرزە روویانداوە، کە 14 پاشلەرزە 6 پلە و 78یان 5 پلە بووە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارە فەرمییانەی پێشتر راگەیێندرابوون، بەهۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتی پارساڵەوە 50 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و 6 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدابوو.