لە رووها کرێکارانی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبا مانیان گرتووە

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، کرێکارانی کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا بەهۆی کەمی حەقدەست و خراپی دۆخی کارکردن دەستیان بە مانگرتن کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، کرێکارانی کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا ناسراو بە (دەداش)، بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی کار و زیادکردنی هەقدەست، لە شارۆچكەی خەلیلیە مانیان گرتووە.
 
ئەو کرێکارانەی مانیان گرتووە، نزیکەی 50 بۆ 60 کرێکارن و لە باڵاخانەی کۆمپانیاکە لە شارۆچكەی خەلیلیە دەستیان بە چالاکییەکەیان کردووە.
 
ساڵی رابردوو لە وەرزی هاویندا کرێکارانی ئەو کۆمپانیایە بەهەمان ئامانج دەستیان بە مانگرتن کرد و دوای قبوڵکردنی داواکارییەکانیان کۆتاییان بە مانگرتن هێنا، بەڵام دەڵێن سەندیکای وزە-کار ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکردوون، کە پێیان دابوون و هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی کرێکاراندا رووی نەدا.