هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان لە هەڵەبجە کارگەی شیرینی هەیە: فرۆشمان زۆر کەمبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

هەيسەم، خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە، نزیکەی 11 ساڵە چووەتە هەڵەبجە؛ ئەو کارگەیەکی شیرینی دامەزراندووە، بەڵام بێبازاڕی تەنگی پێهەڵچنیوە. 
 
هەيسەم رەشيد، خاوەنی کارگەیەکی شیرینییە لە هەڵەبجە و بە رووداوی گوت، "من خەڵکی قامشلۆم پێشتر ئيشی ئێمە زۆر باش بوو، کاژێر 05:00ـی بەيانی دەهاتم تاوەکو 07:00ـی ئێوارە هەر لەسەرپێی بووم و ئيشم دەکرد، ئەمڕۆ کاژێر 08:30ـی بەیانی هاتووم، چونکە ئيش نیيە. من پێنج منداڵم هەيە کاتێک ئيش نەبێت لێرە دەڕۆم، ئیتر بۆ ئەوروپا بێت یان بۆ شوێنێکی دیکە بێت، ناچمەوە سووريا، چونکە خۆش نیيە." 
 
لە کارگەکەی وەستا هەیسەم حەوت خێزانی دیکە کار دەکەن، بەگوتەی خۆیان 85%ـی فرۆشیان کەمیکردووە و ناتوانن بژێوی ژیانیان دابینبکەن.
 
ئاراس محەممەد، وەستایەکی نێو کارگەیەکە و دەڵێت: "زۆر ناخۆشە شوێنی خۆت جێبهێڵيت و بچيتە شوێنێک لە غەريبی، بەڵام خۆمان بە غەريب نازانين. ئێمە حەوت خێزانين و نزيکەی 40 کەسين بژێویمان لەسەر ئێرەیە، سێ منداڵم هەن، هەرسێکيان ناچنە قوتابخانە و داهاتوویان نیيە، ناتوانين بچينەوە بۆ وڵاتی خۆمان، چونکە لەوێ دۆخەکە خراپە و خراپتريش دەبێت. داواکارين لە يوئێن شتێکمان بۆ بکات." 
 
ماوەی سێ کاژێر چاوەڕێی کەسێکم کرد بێتە کارگەکە و شیرینی بکڕێت، دواجار کەسێک هات. 
 
ئيکرام هيوا، کڕيارێکە و دەڵێت: من نزيکەی شەش بۆ حەوت ساڵە لێرە شيرينی دەکڕم بەڕاستی شيرينیيەکەيان چێژێکی تايبەتی هەيە و جياوازە لەو شيرينيیەی لە بازاڕ هەيە، چەندێکە شيرينی دەبەم کەس گلەیی لێی نیيە. بەڵام نەک تەنیا شیرینی، بەڵکو هەموو شتێک فرۆشی کەمبووەتەوە. 
 
ئەو خێزانانەی رۆژئاوای کوردستان 11 ساڵ پێش ئێستا جەنگی نێوخۆ ناچاریکردن بێنە هەرێمی کوردستان، ئێستاش خەریکە بێبازاڕی کۆچێکی دیکەیان بۆ وڵاتی سێیەم پێدەکات.