مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە: هێرشمان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن، دەڵێن، ئەمڕۆ بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لە هێرشەکانیشیان بەردەوام دەبن.
گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا، کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 02-01-2024) لە کەناڵی تەلەگرام بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی "لە درێژەی بەردەوامبوومان لەسەر رێبازی رووبەڕووبوونەوەی داگیرکەر، سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان لە غەززە، وەڵاممان لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی قەوارەی زایۆنی لە دژی دانیشتووانی غەززە دەیکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکەی هێزەکانی داگیرکەر لە هەولێر لە باکووری عێراق."
هەر دوای هێرشەکە، دژەتیرۆری کوردستان بڵاوی کردەوە، "ئەمڕۆ، کاژمێر 9:52، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە لایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە."
مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا نووسیویەتی "دووپاتی دەکەینەوە؛ مقاوەمەی ئیسلامی بەردەوام دەبێت لە لێدان لە پێگەکانی دووژمن."
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپی چەکداری شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 15 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.