منداڵێکی ساوا لە کرماشان بەهۆی گازی ماڵانەوە گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

فریاکەوتنی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، منداڵێکی ساوا بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی ماڵان گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی خێزانەکەشی ژەهراوی بوون.
 
مەسعود قەلعە سفیدی، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگای کرماشان، گوتی: ئێوارەی رۆژی 01-01-2024 گاز لەنێو ماڵێکی شاری کرماشاندا بڵاوبووەتەوە، بەهۆیەوە منداڵێکی ساوا، کە تەمەنی تەنیا چوار مانگ بووە، گیانی لەدەستداوە. هەروەها دوو پیاو و ژنێک رزگارکراون.
 
بەگوتەی مەسعود قەلعە سفیدی، هۆکاری ئەو رووداوە بڵاوبوونەوەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن بووە، کە لە سۆبای ئەو ماڵە دەرچووە.
 
قەلعە سفیدی پێیوایە ئەم رووداوانە بەهۆی کەمتەرخەمی و گرنگینەدانە بە رێکارە خۆپارێزییەکان لەکاتی دانانی ئامێرەکانی خۆگەرمکردنەوەدا.
 
دوانۆکسیدی کاربۆن، گازێکی بێ رەنگ و بۆنە و کاتێک لەنێو ماڵدا بڵاودەبێتەوە، جێگەی ئۆکسجین دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی ژەهراویبوون یان گیانلەدەستدانی ئەو کەسانەی لەو شوێنەدان. بەم هۆیەوە ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، دەیان کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیان لەدەستدەدەن.
 
هەفتەی رابردووش سەروەناز ئەیسافی، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی شاری سەلاسی باوەجانی و کەسێکی دیکە لە جوانکارییەکی ژنانەی شاری روانسەردا بەهۆی گازەوە ژەهرایبوون، دواتر هەر بەو هۆیەوە سەروەناز ئەیسافی گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راپۆرتی فریاکەوتنی خێرای کرماشان، لەماوەی کەمتر لە 10 مانگی رابردوودا لەم پارێزگایەدا 16 کەس بەهۆی ژەهرایبوون بە گازی ماڵان گیانیان لەدەستداوە و 80 کەسی دیکەش ژەهراوی بوون.
 
سەرئێشە، رشانەوە، کزبوونی چاو و خەواڵوویی لە نیشانەکانی ژەهرایبوونن بە گازی دوانۆکسیدی کاربۆن.