شاخەوان عەبدوڵڵا: عێراق 289 ملیار شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی داوە لەسەر ناردنی ماوەی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 01ی کانوونی یەکەمی 2024، شاخەوان عەبدوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراقم بۆ ناردنی بڕی 289 ملیار دینار وەک ماوەی شایستەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، "ئەم کارە وەک بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنەبوو کە لە دواین دیدارمان لەگەڵ برا جووتیارەکان لە بەغدا دام، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو پارەیەی ماوە لە لای وەزارەتی بازارگانی بۆیان وەربگرینەوە."
 
ئەو پارەیەی کە ماوە نەنێردرابوو، زیاتر لە 115 ملیار دیناری بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، زیاتر لە 80 ملیار بۆ پارێزگای هەولێر و زیاتر لە 75 ملیاریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆکە.
 
دوایین بڕە پارە لە 10-10-2024 بڕیاری خەرجکردنی درا کە 45 ملیار دینار بوو، 20 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 15 ملیاری بۆ هەولێر و 10 ملیاریشی بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆک بوو.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیرانی 2024، فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.