ئاماری دهۆک: لە کەمپەکان پڕۆسەی سەرژمێری پێش وادەی خۆی کۆتایی دێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە کەمپەکانی دهۆک قۆناخی یەکەمی سەرژمێری مانگێک دوای شوێنەکانی دیکە دەستیپێکرد، بەڵام ئەگەری هەیە پێش وادەی خۆی تەواو ببێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01ی کانوونی دووەمی 2024، چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو رۆژە قۆناخی سێیەمی سەرژمێری لە کەمپەکانی دهۆک زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، شەوان تاوەکو خەڵک دەخەوێت تیمەکانمان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان."
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک دەڵێت، "پڕۆسەی سەرژمێری لە کەمپەکانی دهۆک لە لایەن زیاتر لە 400 بژمێرەوە بەڕێوەدەچێت."
لە بارەی دواکەوتنی سەرژمێری لە کەمپەکان، چیاڤان عەبدولڕەزاق گوتی، "لە عێراق قۆناخی یەکەم کە گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بوو، لە 1-9-2024ـەوە دەستیپێکرد، لە هەرێمی کوردستانیش مانگێک دوای ئەوە، بەڵام لە کەمپەکانی دهۆک 3-11-2024، دەستیپێکرد."
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک گوتیشی، "عێراق بووە هۆکاری دواکەوتنی سەرژمێری لە کەمپەکانی دهۆک، لە فایلەکاندا سنووری کەمپەکانیان بە هەڵە دیاریکردبوو، دوای چارەسەرکردنی کێشەکە لە 3-11-2024، دەستمان بە قۆناخی یەکەمی سەرژمێری (گەمارۆسازی و ژمارەلێدان) کرد."
بە گوتەی چیاڤان عەبدولڕەزاق، "کەمپەکان 21٪ی دهۆک پێکدەهێنن."
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی سەرژمێری لە کەمپەکان دەڵێت، "لەم قۆناخەدا ئێمە لە هەندێک کەمپ هێشتا کاری قۆناخی دووەم تەواو دەکەین، بەڵام سەرەڕای درەنگ دەستپێکردن، ئێمە لە کاتی خۆمان رەنگە زووتریش تەواوی دەکەین."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان بۆ رووداو، زیاتر لە 200 هەزار کوردی ئێزدیی خەڵکی شنگال و دەوروبەری ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن کە نزیکەی 70%یان لە سنووری دهۆکن.
لە دوێنێ 30-10-2024ـەوە، قۆناخی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بڕیارە تاوەکو 15-12-2024 بەردەوام بێت.
20 و 21 و 22ـی تشرینی دووەم، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، لەو قۆناخەدا ناوی خێزانەکان تۆمارکران.