لە سلێمانی زۆرترین و لە زاخۆ کەمترین باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات، کە پشتی بە پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بەستووە، لەو شەپۆلی بارانبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە سلێمانی زۆرترین باران دەبارێت لە نێوان 30 بۆ 40 ملیمەتر دەبێت، بەڵام لە زاخۆ کەمترین باران دەبارێت کە 15 ملیمەتر دەبێت.
دوای پێشبینی شەپۆلێکی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان، بەیانی ئەمڕۆ لە بەشێکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بارانبارین دەستیپێکرد و پێشبینی دەکرێت یەکشەممە چەقی شەپۆلەکە بێت. 'ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات' داوا لە خەڵک دەکات، بۆ پاراستنی ژیانیان نەچنە نزیک چەم و بەنداوەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کە سەر بە ناوەندی قەیرانەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە سبەی شەممە بۆ شەوی یەکشەممە زۆرترن باران لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەبارێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رێژەی بارانبارین لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
سلێمانی: 30 بۆ 40 مللیمەتر
هەڵەبجە: 35 ملیمەتر
سۆران: 25 بۆ 35 مللیمەتر
راپەڕین: 25 بۆ 35 مللیمەتر
هەولێر: 20 بۆ 30 مللیمەتر
گەرمیان: 20 بۆ 30 مللیمەتر
کەرکووک: 15 بۆ 25 مللیمەتر
دهۆک: 15 بۆ 20 مللیمەتر
زاخۆ: 15 مللیمەتر
رۆژی پێنجشەممە 31-10-2024 ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان JCC - کۆبووەوە و رایگەیاند: "مەبەست لە کۆبوونەوەکە خۆئامادەکردنە بۆ وەرزی زستان و دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ هاتنی شەپۆلی بارانبارین کە مەترسی کۆبوونەوەی ئاوی لێدەکرێت بەهۆی دابارینی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا".
ناوەندەکە کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە داوا لە خەڵک دەکات: "لە پۆند و بەنداوەکان نزیک نەبنەوە. هەروەها پێویستە هاووڵاتیان لەو چەند رۆژەدا نەچنە چیاکان".