سەرۆک بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی رادەگەیێنێت

01-11-2024
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی و سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ دەربڕی. 
 
رۆژی هەینی، 1ی تشرینی دووەمی 2024، بارەگای بارزانی رایگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
 
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دا، سەرۆک بارزانی "پاڵپشتی و پیرۆزبایی خۆی بە بەڕێز مەحموود مەشهەدانی راگەیاند بۆ هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. لە بەرانبەریشدا سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق." 
 
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیە دا "جەخت لە چارەسەركردن و یەکلاییکردنەوەی كێشە هەڵواسراوەكان و هەروەها تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە كرایەوە كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدان و دەبنە هۆی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، دوای نزیکەی ساڵێک لە بەتاڵبوونی پۆستەکە، رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی عێراق دوای دوو گەڕی دەنگدان، سەرۆکێکی نوێی هەڵبژارد. 
 
مەحموود مەشهەدانی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم کە لەلایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی و فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، لەگەڕی دووەمدا کە 269 پەرلەمانتار ئامادەیبوون، 182 دەنگی بەدەستهێنا و بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.
 
سالم عیساوی، بەربژێری سەربەخۆ، 42 دەنگ، عامر عەبدولجەبار 8 دەنگ و تەڵاڵ زەوبەعی سفر دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها 39 دەنگیش بەتاڵ بوون. 
 
سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 1948 لەدایکبووە، یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە. پێش ئەوەی ببێتە سیاسەتڤان، ئەفسەری سوپای عێراق بووە. ساڵی 1972 کۆلێژی پزیشکی تەواو کردووە. بەهۆی ئەوەی دژی شەڕی کەنداو بووە، لە ساڵی 1990 دەستگیرکراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دواتر سزاکەی بۆ 15 ساڵ زیندانی کەمکرایەوە.
 
مەشهەدانی ساڵی 2004 ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق بووە، ساڵی 2006 تاوەکو 2009 سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبیی کردووە، بووە بە یەکەم سەرۆکی پەرلەمان دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە