پەرلەمانتارێکی یەکێتی: سکاڵاکەمان دژی بە زۆر بەشداریپێکردن لە 'هەژماری من' تۆمار کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوێنێ ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە دادگەی کەرخ لە بەغدا دژی پڕۆژەی (هەژماری من) سکاڵایان تۆمار کرد. پەرلەمانتارێکیان دەڵێت، پشتیوانی "تەوتین دەکەین".
 
سروە محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سکاڵاکەمان دژی ئەوەیە بە زۆر مووچەخۆر ناچار دەکرێت لە بانکەکان فۆڕمی (هەژماری من) پڕبکاتەوە، ئێمە پشتیوانی بە بانکیکردنی مووچەین لەلایەن بانکە فیدراڵییەکانەوە".
 
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی کە بەشدارە لە سکاڵا تۆمارکردنەکە دەڵێت: "بەبانکیکردنی مووچە لەلایەن بانکە فیدراڵییەکانەوە داوای خەڵکە و ئێمەش پشتیوانی دەکەین. چونکە ئەو بانکانە مووچەی مووچەخۆران گەرەنتی دەکەن و ئەگەر رۆژێک مایەپووچیش ببن، مووچە نافەوتێت و حکومەتی عێراق پارەیان بۆ دابیندەکات".
 
زیاتر لە دوو هەفتەیە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە پڕکردنەوەی فۆڕمی (هەژماری من) راگیراوە.
 
هەژماری من پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس تۆمار کراون، مانگی رابردوو 153 هەزار کەسیان بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگی ئەیلولیان وەرگرت.
 
وێڕای داوای ئەنجوومەنی وەزیران لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد و دارایی و ئابووریی بۆ رێکار دژی ئەو کەسانەی رێگە لە بەشداربوون لە (هەژماری من) دەگرن، تاوەکو دوێنێش راگیرانی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو پڕۆژەیە بەردەوام بووە.
 
دوێنێ سەعید ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کارەکانی پڕۆژەی (هەژماری من)یان لە سلێمانی راگرتووە.
 
هەر لەبارەی هەژماری منەوە، لە هەڤپەینێکیدا کە دوێنێ لە تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوکرایەوە، عەلی عەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق گوتی: "ئێمە هاوئاهەنگی راستەوخۆمان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بابەتی رێکخستنی پرۆسەی بەجێکردن لە رێگەی بانکە حکومییەکانەوە بێت یان بانکە ئەهلییەکان، هاوئاهەنگی و دیداری هاوبەشمان هەیە بەتایبەت لەرووی هونەرییەوە، پێموایە بۆ نموونە و وەکو ئەوەی سەرۆکی بانکی بازرگانی عێراق (تی بی ئای) پێی گوتووم گەیشتوونەتە کۆتایی لە واژۆکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە بەجێکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان".