باڵیۆزی رووسیا لە عێراق: نێوەندگیریی نێوان رۆژئاڤا و دیمەشق دەکەین، بەڵام ئەمریکا رێگرە
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەڵێت، رۆڵی حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق تەنیا نێوەندگیرییە بۆ گەیشتن بە جۆرە رێککەوتنێك، بەڵام ئەمریکا رێگرە. لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراقیش سەبارەت بە نادەستووریبوونی دەرهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی، "تووشی سەرسووڕمانی کردین."
رۆژی سێشەممە، 1-11-2022، لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات، ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق راگەیاند، قسەکردن لەبارەی رۆژئاوای کوردستان بابەتێكی ئاڵۆزە و گوتیشی: "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن تورکیاوە داگیرنەکراوە، بەڵکو ئەوە ئەمریکایە داگیری کردووە و بوونێكی نایاسایی سەربازییانەی دامەزراندووە و نەوتەکەی بە قاچاخ دەفرۆشێت".
کوتراشێڤ لەبارەی بوونی سەربازییانەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قسەی کرد و گوتی: "ئەمریکا زیاتر لە هەزار سەربازی لەو ناوچانە هەیە و زیاتر لە هەزار چەکداری بەکرێگیراویشی هەیە کە بەناوی کۆمپانیای تایبەتی سەربازی کار دەکەن".
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق لەبارەی رۆڵی حکومەتی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە قسەی کرد و گوتی: "قسەکردن لەبارەی رۆژئاڤا پەیوەندی بە رووسیای فیدراڵەوە نییە و ئەوەی کە رووسیا سەبارەت بە رۆژئاڤا دەیکات نێوەندگیرییە بۆ گەیشتن بە جۆرە رێککەوتنێک لەنێوان دیمەشق و رۆژئاڤا. ئەو پرۆسەیە بەردەوامە، راستە بە هێواشی دەڕوات، بەڵام دواجار دەبینین بەرپرسانی رۆژئاڤا وای دادەنێن کە دەبێت سووریا یەک وڵاتی یەکگرتوو بێت، بەڵام پرسیارەکە لێرە ئەوەیە چ جۆرە ئۆتۆنۆمییەک دەتوانن بەدەستبهێنن".
دیپلۆماتەکەی رووسیا گوتی، واشنتن رێگرە لەبەردەم هەوڵەکانی مۆسکۆ کە ئامانج لێیان نزیککردنەوەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشقە بۆئەوەی لەسەر میکانیزمێکی بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان رێکبکەون و گوتی: "هەوڵ دەدەین هەردوولا رازی بکەین پێکەوە دابنیشن، بەڵام ئەمریکا هیچ جۆرە رێککەوتنێكی لەنێوان رۆژئاڤا و دیمەشق ناوێت. ئەمریکا ئەجێندای خۆی هەیە و ئەجینداکەشی لەسەر پرەنسیپ و بیرۆکەی دژە ئێرانی دانراوە".
گوتەی ئەم دیپلۆماتەی رووسیا لە کاتێکدایە، رووسیا لە ساڵی 2011ـەوە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و لە رێگەی کۆبوونەوەکانی ئاستانەوە پاڵپشتی لە دیمەشق دەکات و لە حەوت ساڵی رابردوویشدا لە بواری سەربازییەوە پاڵپشتیکاری گەورەی سوپای سووریا بووە.
ئەمریکاش لە ئەیلوولی 2014 و بە بۆردوومانکردنی پێگەکانی داعش لە کۆبانێ دەستی بە یارمەتیدانی شەڕڤانان کرد و ئێستاش نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هەیە.