لە سلێمانی گەنجێک بەهۆی هەڕەشەکردن لە کچێک دەستگیر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی سلێمانی سێ تۆمەتباری دەستگیرکرد ، گوتەبێژەشەکەی دەڵێت: "یەکێک لە تۆمەتبارەکان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوی لە كچێك كردبوو".
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارێك دەستگیرکرا كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوی لە كچێك كردبوو و گوتیشی: "پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار (ص،م ،ر) بەپێی ماددەكانی 395 و 432ی یاسای سزاکانی عێراق دەستگیربكرێت و دەست بگیرێت بەسەر سەرجەم ئەو ڤیدیۆ و وێنە نەشیاوانەدا، كە لای تۆمەتبار بووە و وەك هەڕەشە بەكاریهێناون".
 
سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، دوو تۆمەتباری دیکە دەستگیركراون، كە یەكێکیان بەناوی (ز،م،ح ) لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزاکانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.
 
سەبارەت بە تۆمەتباری سێیەمیش، سەرکەوت ئەحمەد گوتی: "تۆمەتباری سێیەم بەناوی (ح،ج،م) لەسەر سكاڵای ژنێك دەستگیركراوە، كە بەفێڵ ئۆتۆمبێلەكەی بردووە و فرۆشتوویەتی. ئەویش بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 453 لە یاسای سزاکانی عێراقی راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا.