گیبکا-ئێس، چەکە نوێیەکەی رووسیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان
رووداو دیجیتاڵ
گیبکا-ئێس، ناوی یەکێک لەو چەکە نوێیانەیە کە رووسیا دروستیکردووە، بڕیارە لە ساڵی 2021 سوپای رووسیا بەکاریبهێنێت، بەڵام هەر لە ئێستاوە کەتووەتە بەر باس.
گیبکا-ئێس، بەگشتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی ئاسمانی بەکاردێت، بەتایبەتیش بۆ لێدان و رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروستکراوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی ئەوەیە کە دەتوانێت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە نزمیدا دەفڕن، بیانپێکێت.
سێرگێی ڤیسنین، بەرپرس لە بواری ئەندازیاریی چەک لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت "سیستەمی گیبکا-ئێس لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە کاریپێدەکرێت، ئەوە جیاوازیەکەیەتی لەگەڵ سیستەمی (زینیت) کە بەشێوەی بینراو کاریپێدەکرێت، هەروەها کاریگەرییە جەنگییەکەی گیبکا-ئێس لەو رووەوە بەرزە کە دەتوانێت لە لێدانی ئامانجدا هەم رۆڵی تۆپ ببینێت و بتەقێتەوە، هەم رۆڵی مووشەک دەبینێت".
گیبکا-ئێس چوار مووشەکی لەسەرە، ئامادەن بۆ تەقاندن، چوار مووشەکی دیکەشی لە ناوەوەدان، ئەو سیستەمە مووشەکییە بچووکە لەسەر ئۆتۆمبێلی تیگەری رووسی جێگیرکراوە، تیگەر لە زمانی رووسیدا واتە پڵنگ، بە خوێندنەوەی پسپۆڕانی سەربازی، گیبکا-ئێس بەتایبەتی دژی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دۆنی تورکی دروستکراوە.
ڤلادیمیر یەڤسێیڤ، پسپۆڕی سەربازی دەڵێت "سیستەمی گیبکا-ئێس، لەگەڵ کۆمەڵێک سیستەمی دیکە دەتوانێت بەشێوەیەکی ئەکتیڤ کاربکات، وەکو لەوەی کە بە تەنیا بێت، ئاشکرایە کە تورکیا ترسی هەیە لە سیستەمێکی لەو شێوەیە کە دەتوانێت بە متمانەوە رووبەڕووی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ببێتەوە، چونکە تورکیا ئێستا زیاتر خەریکی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە فڕۆکانەیە، بەڵام دەمەوێت بڵێم ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانە تورکیا بە تەنها بەرهەمیان ناهێنێت، بەلایەنی کەمەوە بەشێک لە تەکنیک و کەلوپەلەکانی هی کەنەدا و ئەمریکان، هەروەها دەمەوێت بڵێم کاتێک تورکیا هاتە ناو شەڕی ناگۆرنی قەرەباخەوە، دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی راگرتووە، چونکە لەو شەڕەی ئەوێ دەرکەوت کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی تورکیا کێشەی زۆریان هەیە".
بودجەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بۆ ساڵی 2020 لە دەوروبەری 24 ملیار دۆلاردا بوو، هەموو ساڵێک سوپای رووسیا کۆمەڵێک چەک و تەکنەلۆژیای نوێی سەربازی تۆماردەکات، لە هەموو بوارە جۆراوجۆرە جەنگییەکان، جگە لەوەش، ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار دۆلار چەک بە وڵاتان دەفرۆشێت.