وەزارەتی کشتوکاڵ: 20 هەزار کەس بژێوییان لەسەر مریشک فرۆشتنە و ناتوانین شوێنەکانیان دابخەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، زیاتر لە 20 هەزار خێزان بژێوییان لەسەر فرۆشتن و سەربڕینی مریشکە، بۆیە ناتوانن شوێنەکانیان دابخەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2024 فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێک لە بنەما تەندروستییەکان ئەوەیە ئاژەڵ و پەلەوەر لە سەربڕخانەکان سەرببڕدرێن، بەڵام لەبەر دوو هۆکار نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن.
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "دووکانەکانی سەربڕینی مریشک بژێویی ژیانی نزیکەی 20 هەزار خێزانیان لەسەرە، ناکرێت لەم بارودۆخە گوزەرانی ئەم هەموو خێزانە تێکبچێت."
سەبارەت بە هۆکاری دووەمیش، فیراس سدیق باسی لەوە کرد، "سەربڕینی مریشک لە دووکانەکان بووەتە بابەتێکی کولتووری، کە خەڵکی پێیان باشە پەلەوەرەکان لەبەر چاوی خۆیان سەرببڕدرێن و چاکبکرێن."
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ 13 سەربڕخانەی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لە پارێزگای هەولێر چوار سەربڕخانە، پارێزگای دهۆک 5 سەربڕخانە، پارێزگای سلێمانی سێ سەربڕخانە و ئیدارەی گەرمیان یەک سەربڕخانە.