لە هەولێر کەسێک تەقە لە دوو ئامۆزای دەکات و برینداریان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر، کەسێک بەهۆی شکاندنەوەی ئۆتۆمبێلەوە، تەقە لە دوو ئامۆزای خۆی دەکات و برینداریان دەکات، کەسوکارەکەشیان دەڵێن، پێشووتر هیچ کێشەیەک لەنێوانیاندا نەبووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023، رووداوێکی تەقەکردن لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر روویدا و دوو کەس لە رووداوەکەدا برینداربوون، کەسوکاری بریندارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، هەردوو شۆفێرەکە گەنج بوون و ئامۆزای یەکدین، لە کاتی شۆفێریکردن یەکێکیان دەستی شکاندووەتەوە بەسەر ئەوەی دیکەدا، شۆفێرەکەی دیکەش تەقەی لە "هەردوو ئامۆزاکەی کردووە و بە سووکی برینداری کردوون. لە پێشووتردا هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکدیدا نەبووە."
 
لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانەوە، سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر بە رووداوی گوت، باری تەندروستیی هەردوو بریندارەکە جێگیرە، گولـلە لە قۆڵ و قاچیانی داوە و برینداری کردوون.