سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: تۆپبارانی ئێران ترس و دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هەشت رۆژە تۆپخانەکانی ئێران سنووری دەڤەری برادۆست لە ئیدارەی سۆران تۆپباران دەکەن و چەند ساڵێکیشە تورکیا ناوچەکە ناوبەناو بۆردوومان دەکات. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، بەهۆی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەوە خەڵکێکی "زۆر" گوندەکانیان جێهێشتووە.
رۆژی شەممە 1-10-2022، هەڵگور شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەبێ هیچ پاساوێک، ئەمڕۆ هەشت رۆژە تۆپبارانەکانی ئێران لە سنووری برادۆست و ناحیەی سیدەکان بەردەوامن."
هەڵگور شێخ نەجیب گوتیشی، لە هەمان دەڤەر تورکیاش بەردەوامە لە بۆردوومانەکانی و ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەش بووەتە هۆکاری ئەوەی خەڵکێکی "زۆر" ناوچەکانیان جێبهێڵن.
هەڵگورد شێخ نەجیب ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی تۆپبارانەکانی ئێرانەوە ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ئەو سنوورانە دروستبووە و بەشێکیشیان ناوچەکانیان جێهێشتووە.
ئەمڕۆ شەممە، سوپای پاسدارانی ئێران تۆپبارانی دەڤەری برادۆستی دەستپێکردەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو، تۆپبارانەکە سنووری گوندەکانی دەرهۆڵ، بەنێ و بەرچیخە؛ هەروەها بەرزاییەکانی سەقەڕ و بەربزینی لە دەڤەری برادۆست گرتووەتەوە.
رۆژی 28-09-2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر بارەگای پێشمەرگە و کامپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسیش بریندار بوون.
دوێنێ هەینی 30ـی ئەیلوول، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دۆستایەتی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابونەریتی خۆی هەیە و ئەگەر ئەو دابونەریتە رەچاو نەکرێت، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی هاوشێوە لەلایەن ئێرانەوە بن. ئێمە رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەوڵێکی دوژمنکارانە بە مافی خۆمان دەزانین و ئەو مافەی خۆشمان بەکاردەهێنین."