وەزارەتی پلاندانان: 6000 کارمەند لە هەرێمی کوردستان لە ژمارەدانان بۆ خانووبەرە و باڵەخانەکان بەشدار دەبن

01-09-2024
هێمن عەساف
ژماردنەکە لەسەر بنەمای هەڵکەوتەی جوگرافی دەبێت
ژماردنەکە لەسەر بنەمای هەڵکەوتەی جوگرافی دەبێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بۆ باڵەخانە و خانووبەرەکان لە تەواوی عێراق دەستیپێکرد و 60 رۆژ دەخایەنێت. ئاماژە بەوەش دەکات، 6000 کارمەند لە هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەیەدا بەشدار دەبن.
 
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق میوانی بووڵتەنی ئابووریی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئەیلوولی 2024ی تەلەڤیزیۆنی رووداو بوو و وەڵامی پرسیارەکانی محەممەد شێخ فاتیحی لەبارەی قۆناخەکانی سەرژمێریی گشتی دایەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، "ئەمڕۆ 1ی ئەیلوول کارمەندەکانمان دەستیان کرد بە ئەنجامدانی پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بۆ باڵەخانە و خانووەکان. ئەم پرۆسەیە ئامادەکارییەکی بەرفراوانە بۆ جێبەجێکردنی سەرژمێریی گشتی. چەند رۆژێک بەر لە ئێستا راهێنان و قۆناخی تاقیکردنەوە کۆتاییهات کە لە سەرەتای مانگی تەممووز دەستی پێکردبوو. لە دوو مانگی رابردوویشدا خول لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا بۆ کارمەندەکانمان کرایەوە". 
 
بە گوتەی هینداوی، "نزیکەی 40 هەزار کارمەندمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ژمارەدانان و گەمارۆسازی لەسەر کارن. ئەم پرۆسەیە لە 1ـی ئەیلوول تاوەکو 31ـی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا باڵەخانە گشتی و تایبەتەکان و شوقە و خانووەکان ژمارەیان بۆ دادەنرێت. هەر لەم پرۆسەیەدا ژمارەی خێزانەکانیش دەستنیشان دەکرێن. ئەم قۆناخە کۆڵەکەی سەرەکیی سەرژمێرییەکەیە و ژێرخانی داتایەکی تۆکمەمان بۆ دابین دەکات و قۆناخی پێش کۆتایی سەرژمێرییە کە بڕیارە رۆژی 20ـی 11ـی 2024 بکرێت."
 
عەبدولزەهرە هینداوی گوتیشی، ژماردن و گەمارۆسازیی گوند و کەمپی ئاوارەکان و تەنانەت کۆمەڵگە نیشتەجێبووە زێدەڕۆیەکانیش دەگرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "لە رێگەی مانگی دەستکردەوە وێنەی کواڵیتی زۆر بەرزی گەڕەک و یەکە نیشتەجێبووەکانمان گرتووە و نەخشەی زۆر وردی باڵەخانە و دامەزراوەکان و خانووەکان بەردەستە."
 
ژماردنەکە لەسەر بنەمای هەڵکەوتەی جوگرافی دەبێت، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "پێنووس و لەزگەی تایبەتمان دابینکردووە. لەزگە لە باڵەخانە و خانووەکان دەدرێت و ژمارەیان بۆ دادەنرێت. لەزگە و مەرەکەبی پێنووسەکە بە شێوەیەک دروستکراون بەرگەی ساڵێکی گەرما و سەرما دەگرن. ئێمەش ئەوپەڕی چوار مانگ پێویستمان پێیان دەبێت."
 
لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا، عەبدولزەهرە هینداوی گوتی، "لیژنەیەکی باڵای هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهێندراوە. ئەرکی ئەم لیژنەیە چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە دەبێت کە لە ناوچە جێناکۆکەکان دێنە پێشەوە. ئەم لیژنەیە تاوەکو ئێستا چەند جارێک لە هەولێر و بەغدا کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە قۆناخی چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییە پێشبینیکراوەکان. زەوینەی گونجاو بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری هەیە، بەتایبەتی لەنێوان دەستەی سەرژمێری گشتیی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان."
 
ئەوەی پەیوەندیی بە بودجەی پرۆسەکەوە هەیە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی گوت، "بۆ سەرژمێریی گشتی 400 ملیار دینار تەرخانکراوە. لە بودجەی پاردا 100 ملیار دینار و لە بودجەی 2024یش 300 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. پێمان وایە ئەم بودجەیە بەش ناکات، بەهۆی ئەوەی پرۆسەکە گەورەیە. هەربۆیە کاری زۆر و پارەی زۆری پێویستە. بۆ نموونە پێویستمان بە 330 هەزار تابلێت و ئامێری تۆمارکردنە، ناوەندی داتای گشتیی دادەمەزرێنین؛ پێویستمان بە شایستەی دارایی بۆ بە کارمەندەکان هەیە کە 130 هەزار کارمەندن. هەروەها خەرجی پەڕاوگە، خەرجی لۆجیستی و گواستنەوە و گەیاندن و زۆر پێداویستی دیکەشمان دەوێت. بۆیە 400 ملیار دینارەکە هەموو ئەم پێداویستییانە پڕناکاتەوە."
 
سەبارەت بە ژمارەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان، عەبدولزەهرە هینداوی رایگەیاند، لە پرۆسەی ژمارەداناندا لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار کارمەند بەشدار دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

  ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر.

قایمقامی پشدەر: هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر هێڵی ترانزێتی مادەی هۆشبەر

قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، بەهۆی بۆشایی خاڵە سنوورییەکان، بازرگانانی مادەی هۆشبەر بە ئاسانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ گوتیشی، ''پێچەوانەی بۆچوونی باو، ناوەندی شارە گەورەکان شوێنی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرە و ئالوودەبووانە، نەک ناوچە سنوورییەکان.''