هاونیشتمانییەکی خەڵکی دهۆک لە ئیستەنبووڵ "بە چەقۆ" کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی خەڵکی سنووری پارێزگای دهۆک لە ئیستەنبووڵ بە چەقۆ کوژرا. ئامۆزایەکی دەڵێت، بە 12 کەسەوە لێیان داوە و بە "چەقۆ" لە دڵی دراوە.
 
شەڕەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-09-2024، بووە. ئەو کەسەی کوژراوە ناوی حەکیم لوقمانە. دوو کەسی دیکەیش بریندارن.
 
رەمەزان محەممەد ئەحمەد، ئامۆزای حەکیم بە رووداوی گوت، هێشتا بەدیاریکراوی نازانن هۆکاری شەڕەکە لەسەرچی بووە، بەڵام بە 12 کەسەوە لە ئامۆزاکەیان داوە و چەقۆیەک بەر دڵی کەوتووە.
 
بەگوتەی رەمەزان محەممەد، لەکاتی شەڕەکەدا برازایەک و ئامۆزایەکی حەکیم لەگەڵی بوون. ئەوانیش بریندار بوون. دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون و تۆمەتبارانی رووداوەکەیش هەڵهاتوون.
 

 

 
یەکێک لە کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییە بە نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حەکیم ''لە دووبەیەوە چووەتە ئیستەنبووڵ و لە هۆتێل ژوورێکی بۆ سێ رۆژ گرتووە. حەکیم لە کافتریاکە لەگەڵ ئامۆزاکەی بە کوردی قسەی کردووە کە 10 کەس یان 12 کەسی لێبووە و کاتێك زانیویانە کوردن، یەکێکیان بە چەقۆی سەر مێزی کافتریاکە لە سەر دڵی داوە".
 
حەکیم پێشانگەی ئۆتۆمبێلی هەیە و بەگوتەی ئامۆزاکەی، لە دووبەیەوە گەڕاوەتەوە ئیستەنبووڵ و لەوێ تووشی ئەو شەڕە بووە.
 
کەسوکاری حەکیم بۆ گەڕانەوەی تەرمەکەی و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە، بەیانیی ئەمڕۆ بەرەو تورکیا بەڕێکەوتوون. رەمەزان محەممەد دەڵێت، حەکیم تەمەنی 38 ساڵ بوو، خێزاندارە و 8 منداڵی هەن. دانیشتووی ناحیەی کەلەکچی بوو لە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
تاوەکو ئێستا پۆلیسی تورکیا هیچ روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.