لە دێرسم حەوت هونەرمەند دەستبەسەرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان رێگە بە سێ گرووپی هونەری نەدرا بەشداریی لە 21ـەمین فێستیڤاڵی مونزوردا بکەن و حەوت کەس لە ئەندامانی گرووپەکانی "ئیسیان ئاتێشی" و "پارتیزان ئۆکورو" لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکران.
 
بە بڕیاری پارێزگای دێرسم کە رۆژی دووشەممە، 31ـی تەممووزی 2023 راگەیێندرا، رێگە نەدرا گرووپەکانی "گرووپ یۆروم"، "ئیسیان ئاتێشی" و "گرووپی فۆلکلۆری ڤێرادارزی ئەرمەنی" بەشداری لە بیست و یەکەمین فێستیڤاڵی فەرهەنگ و سرووشتی مونزوردا بکەن.
 
فێستیڤاڵەکە لەلایەن شارەوانی و بەشێک لە رێکخراوە مەدەنییەکانی دێرسم رێکدەخرێت و لە رۆژانی 3-6ـی ئاب بەڕێوەدەچێت. هەمان رۆژ گرووپەکانی "ئیسیان ئاتێشی" و "پارتیزان ئۆکورو" بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە گەیشتنە دێرسم. 
 
ئێوارەی هەمان رۆژ حەوت کەس لە ئەندامانی گرووپەکانی "ئیسیان ئاتێشی" و "پارتیزان ئۆکورو" کاتێک لە گۆڕەپانی سەید رەزا بوون، بەبێ خستنەڕووی هیچ هۆکارێک لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکران.
 
سێ ئەندامی گرووپی "ئیسیان ئاتێشی" دوای دەستبەسەرکردنیان، لە دێرسم دەرکران و چوونیان بۆ دێرسم قەدەخەکرا، چوار هونەرمەندەکەی دیکە ئازاد کران. 
 
لە ماوەی چوار رۆژی فێستیڤاڵەکەدا کۆنسێرت و پانێڵ و کۆنفڕانس لە سەنتەری شاری دێرسیم و شارۆچکەکانی سازدەکرێن. ساڵی رابردووش فێستیڤاڵی مونزور لە دێرسم بەهۆی هەمان کێشە هەڵوەشایەوە.
 
 
لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە رۆژی دووشەممە رایگەیاند، پارێزگای دێرسم رێگەی نەدا گرووپەکانی "گروپ یۆروم"، "گروپ ئیسیان ئاتێشی" و "گروپی فۆلکلۆری ڤێراداردزی ئەرمەنی" بەشداری لە 21ـەمین فێستیڤاڵی فەرهەنگ و سرووشتی مونزوردا بکەن و بەو هۆیەوە ئەو سێ گرووپە لە بەرنامەی فێستیڤاڵەکەدا دەرهێندراون.
 
ئۆزکان تاجار، بەرپرسی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی دێرسم رایگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە؛ پێویستە هەموو کەسێک بە شێوەیەکی دیموکراسیانە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت. سەرپەرشتیارەکە بە نووسراو ئاگاداری کردینەوە کە ئەو سێ گرووپە ناتوانن بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن. هەر سێ گرووپەکە رایانگەیاند؛ "ئێمە نامانەوێت دۆخێکی نەرێنی بەهۆی ئێمەوە رووبدات و ئەمەش ئەرێنییە بۆ بەردەوامبوونی فێستیڤاڵەکە. فێستیڤاڵەکە بەبێ بەشداری ئەم سێ گرووپە رێکدەخرێت".