وردەکاریی خنکانی هاونیشتمانییەکی 38 ساڵان لە زێی بچووک
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد مستەفا کە تەمەن 38 ساڵ بوو لە زێی بچووک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین خنکا.
دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 1ـی ئەم مانگە، محەممەد لەگەڵ کوڕ و برایەکی بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل دەچنە راپەڕین، دوای ئەوەش بۆ مەلەکردن دەچن بۆ دەربەند و لەوێ دەخنکێت.
ئەو کەسەی خنکاوە ویستوویەتی بەمەلەکردن لەوبەری ئاوەکەوە بۆ ئەوبەری بپەڕێتەوە، بەڵام لەنێوەڕاستدا دیارنامێنێت و دەخنکێت.
ئاکام کوڕی بچووکی محەممەدە و لە کاتی رووداوەکەدا لەگەڵ باوکی بووە، ئەو چیرۆکی خنکانی باوکی دەگێڕیتەوە.
ئاکام محەممەد گوتی، "دەستی بەرزکردەوە و هاواری کرد، دوای ئەوە نقوومبوو و دیارنەما."
حوسێن عەبدولقادر، ژن برای خنکاوەکەیە و دەڵێت: قەزا و قەدەر بەوجۆرەبووە، گوتوویانە دەچینە دەربەند، هاتوون و تووشی ئەو رووداوە بووە.
تیمەکانی مەلەوانی بەرگریی شارستانیی راپەڕین سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکەن، بەڵام بەهۆی بوونی قوڕ و لیتە و ساردی ئاوەکە تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە رووداوی گوت: هۆکارێکی دیکە کە دۆزینەوەی تەرمەکە دوادەخات بەخوڕی ئاوەکەیە، بۆیە دەبێت لە هەموو شوێنێک بگەڕێن.
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار کەس لە زێی بچووک خنکاون.