CPT: سەربازی تورکیا ئاگر لە رەز و باخەکانی بەرواری باڵا بەردەدەن


رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکە - چڕنووکی هەورەتریشقەی تورکیا لە نیسانی رابردووەوە لە ناوچەی بەرواری باڵا زیاتر لە 10 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی سووتاوە. 
 
لە هەژماری خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، تیمەکانی بوونیاتنەری ئاشتی، کە رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە بۆ مافی مرۆڤ لەبارەی دوایین ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەڵێت، "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکە لە 23ـی نیسانی رابردوو، زیاتر لە 10 هەزار دۆنم لە زەویی کشتوکاڵی لە بەرواری باڵا سووتاون، ئەوەش بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا."
 
گوندنشینێک لە گوندی هروور کە رێکخراوەکە ناوی ئاشکرا نەکردووە ئاماژەی بەوە کردووە، "زۆربەی کێڵگەکان لە گوندەکەمان بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە سووتاون، هەندێک جار شەوان گوێمان لە دەنگی بۆردوومان نییە، بەڵام گوێمان لە سەربازانی تورکیایە کە دێنە نێو گوندەکە و کێڵگەکانمان دەسووتێنن."
 
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری شارۆچکەی کانی ماسێ لە لایەکی دیکەوە بە رێکخراوەکەی گوتووە، "تەمەنی هەندێک لەو دارانەی کە سووتاون، زیاتر لە 100 ساڵە، ئەوەش کارەساتێکی ژینگەییە."
 
لە کۆتاییەکانی مانگی ئایار، ژمارەیەک سەرباز چوونە لای چەند جووتیارێکی گوندی هروور، لەزگین و عەباس لەو جووتیارانە بوون کە سەربازەکان قسەیان لەگەڵ کردوون، لەزگین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10:30 خولەک بۆ 11:00 بوو. کاتێک لەسەر رەز و باخەکانیان بوون، سەربازەکان چوونەتە لایان و "هەندێک پرسیاریان لێکردین و وەڵاممان دانەوە، گوتیان چی دەبینن و کێتان بینیوە، گوتمان کەسمان نەبینیوە." ئەو جووتیارانە گوتیشیان، سەربازەکان باسیان لەوە کردووە، "شەڕی ئەوان لەگەڵ خەڵکی سڤیل نییە و لەگەڵ پەکەکەیە."
 
CPT لە تویتەکەیدا ئەوەشی نووسیوە، "لە هەر شوێنێک دارێک ببڕدرێتەوە، رێکخراوەکانی بواری ژینگە سەرکۆنەی دەکەن" دەپرسێت، "بۆچی هیچ ناڵێن لەبارەی بڕینەوە و سووتاندنی هەزاران دار لەلایەن سوپای تورکیاوە لە هەرێمەکەی ئێمە." 

 

 
کامەران مەلا عومەر، ئەندامێکی رێکخستنی CPT لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو زانیاریی زیاتر باس دەکات، ئەو دەڵێت، خۆیان دووجار سەردانی گوندەکانی کانی ماسێیان کردووە و لە 68 رۆژی رابردوو، "ئەوەی ئێمە تۆمارمان کردووە، هەندێک شەو هەیە سەربازانی تورکیا دەچنە گوندەکان و ئاگر لە رەز و باخەکان بەردەدەن."