تیمە كوردییەكەی پەبجی كێشەی ڤیزایان بۆ دروست دەبێ‌

رووداو- هەولێر

ژمارەیەك یاریزانی كوردی یاریی پەبجی مۆبایل كە بە "كورد سكواد" ناسراون، گەیشتوونەتە یارییەكانی پێش كۆتایی پەبجی كە بڕیارە لە بەرلین بەڕێوەبچێ، بەڵام كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر كێشەی بۆ دروستكردوون و ئامادە نییە چاوپێكەوتنی ڤیزایان لەگەڵ بكات.

كێبڕكێیی كلوبی پەبجی مۆبایلی كراوە ناسراو بەPMCO) ) لە رۆژی 26ی تەمووز لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێ‌. ئەندامانی كورد سكواد داوای چاوپێكەوتنی خێرایان لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر كردووە، تاوەكو بە زووترین كات ڤیزای ئەڵمانیا وەربگرن، بەڵام دامەزراوە دیپلۆماسییەكەی ئەڵمانیا پێیگوتوون، مەبەستی ئەوان بۆ گەشت لەگەڵ ئەو پێوەرانەدا یەكناگرێتەوە كە بۆ وەرگرتنی وادەی چاوپێكەوتنی دەمودەستی ڤیزا پێویستن.

كورد سكواد (یان تیمی كورد) زیاتر لە هەزار یاریچی پەبجی مۆبایلی هەیە و لە ئاداری 2018 دامەزراوە. لە راگەیێندراوێكدا كە لەسەر پەیجی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاویان كردووەتەوە، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن یارمەتییان بدەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

كێبڕكێی (PMCO) بە چەند قۆناغێك بەڕێوەدەچێ، كۆی خەڵاتەكانی هەتا دوو ملیۆن دۆلار دەچێ. سەرەتای مانگی رابردوو، كورد سكواد توانی لە نێوان 16 تیمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پلەی دووەم بەدەستبهێنێ و بەو جۆرەش گەیشتە یارییەكانی پێش كۆتایی كە بڕیارە 26ی ئەم مانگە لە بەرلین بەڕێوەبچێ. هەر تیمێك قۆناغی پێش كۆتایی ببڕێ، لە رۆژانی 27 و 28 تەمووز لە یارییەكانی كۆتایی ئەو پاڵەوانێتییە بەشداری دەكات.

ئاری خەلیل، تەمەن 24 ساڵ، یاریچییەكی پلەبەرزی كورد سكوادە و شەیدای یاریی پەبجی مۆبایلە. خەڵكێكی زۆری كورد فۆڵۆی یارییەكانی دیكەن كە بەشێوەی راستەوخۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پەخشیان دەكات.

ئاری كە خوێندكاری ئایتی (IT) و دەرچووی كۆلێژی ئیشكە، بە (رووداو)ی گوت: "من هەر لە منداڵییەوە یاریی كۆمپیوتەری دەكەم، بەڵام تەنیا چوار ساڵ دەبێ ناوبانگم دەركردووە. لەو رۆژەوەی ئەو یارییە دەرچووە من دەستم پێكردووە". یاری پەبجی لە ساڵی 2017 وە هەیە، بەڵام پەبجی مۆبایل لە 2018 بڵاوبووەتەوە.

خەلیل و چوار هاوتیمی توانیویانە بلیتی بەشداری لە پاڵەوانێتییەكەی بەرلین بەدەستبێنن كە خەرجییەكانی لەلایەن رێكخەرانی پاڵەوانێتییەكەوە دەدرێ، بەڵام ئەگەر نەتوانن لە كاتی خۆیدا ڤیزا وەربگرن، ئەوە لە بەشداری لەو پاڵەوانێتییە بێبەش دەبن. بلیتەكان بۆ رۆژی 17ی ئەم مانگە بڕدراون.

بەپێی ئیمەیڵێكی كونسوڵخانەی ئەڵمانیا كە (رووداو) چاوی بە كۆپییەكی كەوتووە، داواكەی كورد سكواد دەكەوێتە خانەی ئەو جۆرە ڤیزایانەی كە پێویستیان بە چاوپێكەوتنی خێرا هەیە، بەڵام هەر بەپێی ئیمەیڵەكە داواكەی ئەوان لەگەڵ پێوەرەكانی چاوپێكەوتنی خێرا یەكناگرێتەوە. ئەگەر چاوپێكەوتنی تیمی كورد سكواد دوابكەوێ، ناتوانن لە كێبڕكێی پێش كۆتایی بەشداری بكەن.

بەگوتەی خەلیل، بەرپرسان و هەوادارانی كورد سكواد لە كوردستان داوایان لە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر كردووە بە بڕیارەكەیاندا بچنەوە و چاوپێكەوتنی خێرا لەگەڵ تیمەكەدا بكەن. تەنانەت رێكخرانی پاڵەوانییەكەش بەنیازن بێنە ناو كێشەكەوە بۆ ئەوەی تیمی كورد سكواد لەو كێبڕكێیە بێبەش نەبێ‌.

خەلیل دەڵێ: "ئەگەر بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەتوانن ئەوە بكەن، ئیدی كێ دەتوانێ ئەو كارە بكات؟ ئەگەر دوای چوار مانگ هەوڵی بێوچان نەتوانین بچینە ئەو پاڵەوانێتییەوە، ئەوە بە تەواوەتی واز لە یاریی پەبجی دەهێنم".

دەسەڵاتی ئایینی پارێزگای سلێمانی لە مانگی تشرینی یەكەمی 2018 فەتوایەكیان لە دژی پەبجی دەركرد و رایانگەیاند كە ئەو یارییە كاتی گەنجان بەفیڕۆ دەدات. ئەوكات عیرفان رەشید، سەرۆكی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "بڕیارمان دا كە كاركردن لەسەر پەبجی حەرامە". چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكێكی زۆر خووی پێوەبگرن و كاتی خۆیانی لەسەر بەفیڕۆ بدەن.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵیش پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر قەدەغەكردنی هەموو ئەو یارییە ڤیدیۆییانە دا كە "هەڕەشە لە ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و پەروەردەیی" دەكەن.

ساڵی رابردوو بەرهەمهێنەرانی یارییەكە رایانگەیاند كە ژمارەی بەكارهێنەرانی پەبجی لە هەموو جیهاندا 400 ملیۆنی تێپەڕاندووە و مانگانە 227 ملیۆن كەس یارییەكە دەكەن و 50 ملیۆن كۆپی یارییەكەی بۆ كۆمپیوتەر و ئێكس بۆكس فرۆشتووە. كۆمپانیاكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە رۆژانە زیاتر لە 87 ملیۆن كەس لەسەر كۆمپیوتەر و ئێكس بۆكس ئەو یارییە دەكەن.

(رووداو) پەیوەندی بە كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر كرد، تاوەكو لەبارەی مەرجەكانی چاوپێكەوتنی خێرای ڤیزا زانیاری وەربگرێ، بەڵام هەتا كاتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە هیچ وەڵامێكیان نەبووە.

رێسای توندی ڤیزای وڵاتانی رۆژئاوایی بەربەستێكی گەورەی بەردەم ئەو كوردانەیە كە ویستوویانە بۆ خوێندن یان بەشداری لە بۆنە نێودەوڵەتییەكاندا بچنە دەرەوەی وڵات.
بەمدواییە ئەمریكا ڤیزای نەدا بە جوبرەئیل ئەبوبەكر، فیلمسازی باشووری كوردستان كە بەنیاز بوو لەگەڵ فیلمی "ئایلان" لە سێ فێستیڤاڵی جیا بەشداری بكات.

یاری پەبجی:

لە ساڵی 2017 وە هەیە
لە ساڵی 2018 كەوتە سەر مۆبایل
400 ملیۆن كەس ئەو یارییە دەكەن
مانگانە 22 ملیۆن كەس یاریی پەبجی دەكەن
50 ملیۆن كۆپی یارییەكە فرۆشراوە
رۆژانە 87 ملیۆن كەس ئەو یارییە لەسەر كۆمپیوتەر و ئێكیس بۆكس دەكەن