ئاگرکردنەوە لە ئەزمەڕ و گۆیژە قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە لە سلێمانی، کردنەوەی ئاگر قەدەخە کرا، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سرووشتی ناوچەکە.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رێگەی لیژنەی هاوبەشەوە بەردەوام یەکەی گەڕۆک لە ئەزمەڕ و گۆیژە دەسووڕێنەوە و رێگری لە کردنەوەی ئاگر دەکەن."
لیژنەی هاوبەشی پاراستنی ئەزمەڕ و گۆیژە پێکهاتووە لە قایمقامیەتی سلێمانی، لیوای 1ی پاراستنی سلێمانی، پۆلیس، ئاسایش، بەرگریی شارستانی، شارەوانی، هاتووچۆ و چەند لایەنێکی دیکە.
گۆران قادر گوتی، هەینی و پێنجشەممەی رابردوو بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر هەڵمەتی مەیدانییان بۆ چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە ئەنجام داوە.
لیژنە هاوبەشەکە سەرجەم کۆشک و کەپر و دەستگێڕەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئاگرکردنەوە قەدەخەیە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەکەنەوە.
ئەزمەڕ و گۆیژە سەر بە ناوەندی شاری سلێمانین و رۆژانە گەشتیار و سەردانیکاری شارەکە بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان روویان تێدەکەن.