سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە: پارتی و یەکێتی هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکن

01-06-2024
هێمن عەساف
رەعد ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
رەعد ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، پارتی و یەکێتی هۆکاری سەرەکیی هەڵنەبژاردنی پارێزگار و پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووکن؛ ئاماژە بەوەش دەکات "چاومان لەوە بوو دانوستاندن لەگەڵ کورد بکەین، نەوەک پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەوە نەکرا." 
 
رەعد ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ (شەممە) میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و باسی لە هەوڵ و دانوستاندنەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کرد. 
 
رەعد ساڵح وەڵامی گوتەیەکی ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی کوردی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی دایەوە، کە رۆژی هەینی بە رووداوی گوت، عەرەب و تورکمان لە پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک بەرپرسن، گوتی "بەدڵنیاییەوە ئەم قسەیە دوورە لە راستییەوە و شتی وەها نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی بە سازانی لایەنە عەرەبی، کوردی و تورکمانییەکان بێت، ئەگینا لایەنێک بەشخوراو دەبێت. 
 
سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە بە رووداوی گوت "عەرەب، کورد و تورکمان پێداگرن لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنیش دەریخست، هیچکام لە پێکهاتەکان لە کەرکووک، زۆرینە نین، بۆیە پێکهاتەیەک بەتەنیا ناتوانێت بێ سازان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ئەم پۆستە وەربگرێت."
 
رەعد ساڵح گوتی، خەریکە سەرجەم لایەنەکان دەگەنە ئەو بۆچوونەی؛ دەبێ پۆستی پارێزگار بە شێوەی خولی لەنێوان عەرەب، کورد و تورکمان بەڕێوەببرێت. 
 
ئەو بەرپرسە عەرەبەی پارێزگای کەرکووک گوتی "هۆکاری سەرەکیی پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، کێشە و ناکۆکیی نێو ماڵی کوردە. پارتی و یەکێتی لەنێوان خۆیاندا رێکناکەون"؛ ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێتی کاخەزی پێشنیازی دانوستاندنی پێشکێش کردووە، کە پارتی و تورکمانی لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بێبەشکردووە. یەکێتی داوایکردووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک دوو ساڵ بۆ کورد، دوو ساڵیش بۆ عەرەب بێت و جێگرانی پارێزگاریش بە پارتی و تورکمان بدرێت. پێکهاتەی عەرەب ئەمە رەتدەکاتەوە بەهۆی ئەوەی ماف بە پارتی و تورکمان نەدراوە. پێشنیازی دووەم کە پارتی پێشکێشی کردووە هەمووان دەگرێتەوە، تێیدا پێشنیاز کراوە کورد، تورکمان و عەرەب لە بەڕێوەبردنی کەرکووک بەشداربن." 
 
رەعد ساڵح گوتی: "هیوادار بووین لەگەڵ پێکهاتەیەک گفتوگۆ بکەین، نەوەک لەگەڵ حیزبەکان. عەرەب سێ حیزبن، بەڵام لەژێر چەتری فراکسیۆنێک کۆبوونەتەوە؛ چاومان لەوە بوو گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەی کورد بکەین، نەوەک پارتی و یەکێتی."  
 
سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە رەتیکردەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە کەسایەتییەکی سەربەخۆ بدرێت، بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو بابەتە ناکۆکن؛ گوتیشی، یەکێتی کەسێک دیاری بکات، پارتی رەتیدەکاتەوە و پێچەوانەکەشی راستە و رایگەیاند "دەبێ ئەم بابەتە بەدەر لە پشکپشکێنەی حیزبی، چارەسەر بکرێت."   
 
لەبارەی دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە، سەرۆکی فراکسیۆنی قیادە بە رووداوی گوت "سەرۆکوەزیران دوو هەفتە مۆڵەتی داوە. ئێمە چاومان لەوەبوو سەرۆکوەزیران خۆی چارەسەری ئەم کێشەیەی بکردایە، چونکە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتووین. وادیارە ناتوانین رێکبکەوین." 
 
رۆژی 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرا؛ کورد حەوت کورسی، عەرەب شەش کورسی، تورکمان دوو کورسی بەدەستهێنا؛ کریستیانەکانیش یەک کورسیى کۆتایان هەیە. 
 
ئەنجوومەنى پارێزگا لە 16 کورسى پێکدێت. کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە و هەڵبژاردنى پارێزگار پێویستى بە نۆ ئەندامە کە هیچکام لەو پێکھاتانە بەتەنیا نەیانتوانیوە بەدەستى بهێنن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد.

لە دهۆک بەڵگەفیلمی 'هەڵۆی بادینان' نمایش دەکرێت

تۆڕی میدیایی رووداو لە دهۆک بەڵگەفیلمی ''هەڵۆی بادینان''ـی نمایش کرد کە باس لە ژیان و خەباتی پێشمەرگەیەکی شەهید دەکات؛ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ''گەلی کوردستان قەرزداری بوێری و گیانفیدایی شەهیدانن''.