لە هەواری شار یادی دامەزراندنی یەکێتی دەکرێتەوە
رووداو- سلێمانی
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 1-6-2016 لە هەواری شار-ی سلێمانی، ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکرێتەوە، کە تێیدا نەوشیروان مستەفا بەشداردەبێت و پێشبینی دەکرێت گوتار پێشکەشبکات.
نەوزاد مەحموود، بەرپرسی ژووری هەواڵیی رووداو لە سلێمانی گوتی " ئەمڕۆ 1-6-2016 یادی 41 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەو بۆنەیەوە یەکێتی لە هەواری شار-ی سلێمانی، یادی دامەزراندنی دەکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری ئەمنی تەواو کراوە".
بەرپرسی ژووری هەواڵیی رووداو لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت لە یادەکەی یەکێتیدا نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەشداربن هەروەها، چاوەڕان دەکرێت نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، کە پێشتر خۆی جێگری سکرتێری ئەو حیزبە بووە و یەکێکیشە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی، بەشداری یادەکە بکات و، گوتارێک پێشکەش بکات.
نەوزاد مەحموود هەروەها گوتی" یادەکەی یەکێتی جیاوازە لە ساڵانی رابردوو و، لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییەکانیشەوە بە گرینگییەوە لێی دەڕوانرێت و لە سەر ئاستی باڵا بەشداری لە یادەکە دەکرێت، بەتایبەتی پارتی دووپاتی کردووەتەوە یەکێتی هاوپەیمانێکی سەرەکیی پارتییە".