بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر ئاسایی بووەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆخی کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاسایی بووەوە و بەرهەمهێنانی گاز دەستیپێکردەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە کاژێر 12:00ی شەوی رابردووەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و ئەمڕۆ بارهەڵگرەکان گازیان لە کێڵگەکە بار کردووە.
کاژیر 06:45 خولەکی ئێوارەی رۆژی هەینی 27ی نیسان، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز راگیرا.
بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە 3500 مێگاواتەوە دابەزی بۆ نزیکەی هەزار مێگاوات.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دوێنێ بە رووداوی گوت، دوای 24 کاژێر لە بەرهەمهێنانەوەی گاز لە کۆرمۆر، دۆخی کارەبا ئاسایی دەکەنەوە.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش بریندار بوون کە هاووڵاتی یەمەنی بوون.
شەوی رابردوو کۆمپانیای دانەگاز کە سەرپەرشتیی کێڵگەکە دەکات لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ بەرهەمهێنانەوەی گاز دەستمان بە رێکارەکان کردووە و حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رێوشوێنی باشتریان بۆ پارێزگاری لە کێڵگەی کۆرمۆر گرتووەتەبەر."
ئەو شوێنەی لە کێڵگەکە کرایە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا هێرشی کرایەسەر و دەرەوەی کەمپەکەیە و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بووە.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن؛ کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.