کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی لێزمەباران دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی لێزمەباران دەبارێت. کەشناسێک باس لەوە دەکات، لەم دوو رۆژەدا ئەگەری لافاو لە سەنتەری پارێزگاکان نییە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەرێمی کوردستان، "بارانبارینی پچڕ پچڕ و هەندێک کات لێزمەباران دەبارێت و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت."
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە کەشناسی دەڵێت، "نمەباران دەبارێت؛ لە شەودا دەبێتە لێزمەباران و هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ و سبەی بارانبارین لەدوای نیوەڕۆوە دەستپێدەکات و مەترسیی لافاو لە شارەکاندا نییە.
محەممەد کەمال گوتی، چەقی ئەم شەپۆلە رۆژانی هەینی و شەممە دەبێت و ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لە چەند شارێک و چەم و دۆڵەکان هەیە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دابەزینی پلەی گەرما کردووە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما 2 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزێت؛ سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 2 پلەی دیکە دادەبەزێت.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی بەمشێوەیەیە:
هەولێر: 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 25 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 25 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 26 پلەی سیلیزی
سۆران: 23 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 27 پلەی سیلیزی