تائێستا کۆمیسیۆن فۆڕمی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چاپ نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواوی کارەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان راگرت.
رووداو لە زیاتر لە سەرچاوەیەکەوە پشتڕاستی کردەوە، دوێنێ لە بەغداوە هەر سێ لقی کۆمیسیۆن لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک ئاگادار کراونەتەوە کارەکانیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن رابگرن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شەش فەرمانبەر، سێ لە بەغدا و سێیەکەی دیکەش لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە وڵاتی ئیمارات بۆ چاپکردنی فۆڕمی دەنگدان، بەڵام "دوێنێ پەیوەندییان پێوەکراوە بەپەلە بگەڕێنەوە عێراق و فۆڕمەکان چاپ نەکەن".
یەکێکی دیکە لەو رێکارانەی کۆمیسیۆن راگیراون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بووە، کە بڕیار بوو دوێنێ وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنەکە بکرێت، بەڵام بەغدا گوتوویانە دەبێت ئەوەش رابگیرێت.
هەر دوێنێ بە فەرمانی کۆمیسیۆن، لینکی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ چاودێرەکانی سەر سندووق راگیرا، ئەوەش وەکو رێکارێکی دیکەی راگرتنی کارەکان.
کۆمیسیۆن لە بەغدا بە فەرمی هیچ کاتێکی دیکەیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان نەگوتووە و تەنیا گوتویانە کارەکان راگرن.
بەڵام جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "کارى کۆمیسیۆن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نەوەستاوە و بەردەوامە لە رێوشوێنەکانى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن. لە نووسینگەکانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دابەشکردنى کارتى بایۆمەتریی دەنگدان بەردەوامە".