سزای نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل لە کامێراکانی هاتووچۆی هەولێر و دهۆکەوە کەوتەکار
رووداو دیجیتاڵ
لە شارەکانی هەولێر و دهۆک ئەمڕۆ سیستمی وێنەگرتن و سزادانی نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێرییدا کەوتەکار. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانیش دەڵێ، هێشتا کامێرا نوێیەکانی تیژڕۆییان لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەرنەگرتووە.
رۆژی دووشەممە 1ـی ئایاری 2023، ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەمڕۆوە هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات و پشتێنی سەلامەتی نەبەستێت یان مۆبایل بەکاربهێنێت، لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییەوە وێنەی دەگیرێت و سزای یاسایی دەدرێت.
هەر ئەمڕۆ، لە هەولێریش هەمان سیستم کاری پێدەکرێت. دوێنێ فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت) لە هەموو کامێراکانی هاتووچۆی هەولێرەوە لە 1ـی ئایارەوە سەرپێچیی نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی مۆبایل تۆمار دەکرێت".
لە سلێمانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ جێگیرکراون، بەڵام نەکەوتوونەتە کار. ئەمڕۆ بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان جارێ کار بەو سیستمە ناکەن. لەبارەی هۆکارەکەشییەوە گوتی: "ئەو کامێرایانەی ئەو سیستمەیان هەیە، تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمپانیای جێبەجێکارمان وەرنەگرتوون تاوەکو بتوانین کار بەو سیستمە بکەین".
بەختیار محەممەد گوتیشی، جیاواز لە کامێراکانی خێرایی تیژڕۆیی، لە هەرکوێیەک مەفرەزەکانی هاتووچۆ شۆفێر ببینن پشتێنی سەلامەتی نەبەستبێت، یان مۆبایل بەکاربهێنێت سزای یاسایی دەدەن.
کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەلێر جێگیر کراون، بەڵام لە دهۆک و هەڵەبجە دانەنراون.