ئاسایش: تۆمەتباری سەرەکیی ئەشکەنجەدانی پارێزەرەکەی هەولێر لە فەرەنسایە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتباری ئەشکەنجەدانی پارێزەرەکەی هەولێر، لە رێگەی ئێرانەوە هەڵاتووە بۆ ئەوروپا و هەوڵدەدەین لە رێگەی پۆلیسی ئینتەرپوولەوە دەستگیری بکەین.
 
دووشەممە 01-05-2023 بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆمەتباری ئەشکەنجەدانی پارێزەرەکەی هەولێر، لە دەروازەی سنووریی باشماخەوە چووەتە ئێران و لەوێشەوە خۆی گەیاندووەتە فەرەنسا، بەڵام هەوڵدەدەین لە رێگەی پۆلیسی ئینتەرپوولەوە دەستگیربکرێت و بگەڕێندرێتەوە.
 
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر گوتی: "لەو ماوەیەدا لە سنووری هەولێر زۆرترین رێوشوێنی ئەمنی گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی رێگە بەهیچ گێرەشێوینییەک نەدرێت، چونکە هەولێر سنوورێکی فراوانە و خەڵکی بیانی زۆریش رووی تێدەکەن".
 
پارێزەر محەممەد سۆفی، تەمەن 52 ساڵ، شەوی 14-04-2023 لە سنووری هەولێر بۆ ماوەی سێ کاژێر لەلایەن چوار کەسەوە لێیدراوە؛ ئەو ماوەی دوو ساڵ پارێزەری ژنێکە و بڕیار بووە رۆژی یەکشەممە دادگایی جیابوونەوەی ژنەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرش کراوەتە سەر پارێزەرەکە.
 
چوار کەس لەسەر رووداوەکە تۆمەتبارن و تائێستا ئاسایشی هەولێر سێ کەسیانی دەستگیر کردووە، بەڵام تۆمەتباری سەرەکی، کە مێردی ژنەکە بووە، هەڵاتووە.
 
دوای رووداوەکە، محەممەد سۆفی، پارێزەر قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "بە فێڵ منیان بردە ژێرزەمینی ماڵێک، یەک کەس منی برد، کەچی لە خوارەوە سێ کەس خۆیان حەشار دابوو. لێیان دام، بە هەر چواریان سەریان تاشیم، ڤیدیۆیان گرتم، ئەوەی داعش نایکات، ئەوان کردیان. لێیان پاڕامەوە و گوتم: بمکوژن لەو عەزابەی رزگارم بکەن. لە کۆتاییشدا گوتیان، گەر سکاڵا بکەیت، خێزان و کچەکەت دەهێنین و لەپێش چاوت ئەوها و ئەوهای  لێدەکەین. ئەو کەسە ناوی (ع. م)ە و هاوژینی موەکیلی منە و دوو ساڵە هەڕەشەم لێدەکات."
 
شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی داد لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "دڵگرانم لەو رووداوە نەخوازراوانەی روودەدەن لە هەرێمی کوردستان، لە کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و پەنابردنە بەر تۆڵەسەندنەوە و ترساندن و تۆقاندن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە دەرەوەی دادگەکان، بەتایبەتی ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایەی کرایە سەر پارێزەرێک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان."
 
لقەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان سەرەڕای گردبوونەوەی ناڕەزایی دژی هێرشەکە، لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، ئەوەی کراوە ''دەستدرێژییە بۆ سەر دادگە، ئەنجوومەنی دادوەری، داواکاری گشتی و سەرجەم پارێزەران، تەنانەت دەستدرێژییە بۆ حکومەت، پەرلەمان و سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت.''