کەشناسێک: رۆژانی جەژن بارانی بەهارە دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی کەشوهەوا جێگیر دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، لە 7ـی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و، یەکەم و دووەم رۆژی جەژنیش بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ (دووشەممە 1ـی نیسان) کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵە و سبەی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبێت.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو کۆتایی هەفتە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەڕوات و تاوەکو دەگاتە 30 پلەی سیلیزی؛ گوتیشی، "7ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بە گشتی دەگرێتەوە و لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بارانەکە چڕ دەبێت".
 
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەکرد، شەپۆلەکە تاوەباران و هەورە برووسکەی ناوبەناوە و تاوەکو 12ـی مانگ بەردەوام دەبێت؛ گوتیشی، "رۆژانی جەژنیش دەکەونە نێو شەپۆلەکەوە، بەڵام پلەی گەرما زۆر دانابەزێت و فێنک دەبێت، نەوەک سارد."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی سێشەممە بەمشێوەیەیە:
 
هەولێر؛ 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 25 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 27 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 28 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 26 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 29 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 25 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 31 پلەی سیلیزی