ئەم ساڵ هەزار ئامێری راکێشانی پارە لە هەرێمی کوردستان دەکەونەکار
رووداو دیجیتاڵ
مامۆستا شڤان دووەمین جارە مووچەی مانگانەی لە رێگەی هەژماری منەوە لە 'ئەی تی ئێم' ـەکانی نزیک فەرمانگەکەی وەردەگرێت، چاوەڕوانی و دواکەوتنی مووچەکەی بە چرکە یاخود ئەوپەڕی خولەکێکە، شڤان فەرمانبەری وەزارەتی خوێندنی باڵایە کە ژمارەیەک لە کۆلێژەکان مووچەکانیان بووەتە دیجیتاڵی.
شڤان ئیسماعیل، مامۆستای زانکۆ لەبارەی ئەو شێوازەی مووچەوەرگرتنە دەڵێ "تا بڵێی ئاسانکاریێکی باشی بۆ کردووم. من، لێی رازیم، لەبری نۆرە بە چرکە مووچە وەردەگری، دەچیە مۆڵێک ئەگەر پارەی پێویستی کاشت پێ نەبێت، کارتەکە بە هاناتەوە دێت."
ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) وەک قۆناخی یەکەم تەنها لە سەنتەری پارێزگای هەولێر کەوتوونەتە کار و، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، هەزار دانەیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەندرێن.
لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوون، مانگی 12ـی 2023ـش کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست، هەروەها دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەکانیان لە رێگەی هەژماری منەوە وەردەگرن.
گەنجینەی هەولێر و ژمارەیەک لە گەنجینەکانی دیکە مووچەکانی مانگی یەک و دووی ئەمساڵیان کەوتووەتە بازنەی دیجیتاڵی.
ئەو فەرمانبەرانەی سیستمەکەیان لەسەر تاقیکرایەوە، تابڵێی لێی رازین.
حەسیبە محەمەدەمین، پزیشکە و دەڵێ "لەوەتەی مووچەکەم بووەتە دیجیتاڵی و بە کارتی هەژماری من وەریدەگرم، زۆر ئاسانکاریم بۆ دروست بووە؛ شەو بێت رۆژ بێت، هەرکاتێک بۆم کرا، دەچم بێ نۆرە مووچەکەم وەردەگرم، وەک جاران نییە، قەرەباڵخی و مۆڵەت وەربگری و بڵێی دەچم مووچەم وەردەگرم."
رۆژی یەکشەممە 31-3-2023 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی مووچە لە رێگەی کارتی هەژماری منەوە بێ کێشە دەچێتە پێش و، نیازیانە تاوەکو نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، مووچەی نزیکەی 400 یەکەی ژمێریاری ببێتە دیجیتاڵی، تاوەکو کۆتایی ساڵیش تەواوی فەرمانبەران دەکەنە خاوەن کارتی بانکی.