خێزانێکی هەژار و نەدار لە رانیە لە دۆخێکی سەختدا دەژین

رووداو دیجیتاڵ 

خراپیی دۆخی دارایی و نەخۆشیی درێژخایەن تەنگی پێ هەڵچنیون، لە خانوویەکی گڵ و خۆڵ و دوو ژووری بچووکی بێ فەرش، شەو و رۆژیان بە ئازاری جەستەیی و دەروونی بەڕێدەکەن.
 
ئەمە چیرۆکی ژیانی خێزانێکی شەش کەسییە لە شاری رانیە؛ فەهمی جومعە تەمەن 36 ساڵ و بەفرین محەممەدی هاوژینی 11 ساڵە ژیانی هاوژینیان پێکهێناوە، بەهۆی نەخۆشی و نەبوونییەوە، هیچ رۆژێکیان بێ گرفت و ناخۆشی نەبووە.
 
فەهمی جومعە دەڵێت، "زۆرترین داهاتی رۆژانە کە دەستم بکەوێت 25 هەزار دینارە، لەبەر نەخۆشی و داو و دەرمان نازانم لە چیدا خەرج بکەم، لەو خانووە خراپەداین، هاوژینم نەخۆشیی تالاسیمیای هەیە، بەو سەرمایە لە دەرەوە قاپ و جل دەشوات."
 
چێشخانەی ماڵەکە جگە لە کاسەیەکی بەتاڵ و بەفرگرێکی پڕ داو و دەرمان هیچی دیکەیان نییە و ئێواران بەبێ شیو بەربانگ دەکەنەوە.
 
بەفرین مەحەممەد دەڵێت، "هاوسەرەکەم هەر فریادەکەوێت پارە بۆ دەرمانەکانم قەرزبکات، نەخۆشیی خوێنبەربوونم هەیە،11ساڵە لەو ژیانە ناخۆشەداین. منداڵێکم بە رووداوی هاتووچۆ مرد، ئێوارەکە نان نەبوو بیدەمێ." 
 
سەرچاوەی دارایی ئەم خێزانە کرێکاری و کۆکردنەوەی پاشماوەی پلاستیک و ئاسنە، لەو بڕە کەمە داهاتەی دەستیشیان دەکەوێت، دەبێت مانگانە 65 هەزار دینار بۆ کرێی خانوو بخەنە لاوە.
 
لەپاڵ نەبوونی و نەخۆشی، گرفتێکی دیکەی ئەم خێزانە کرێنشینیە و ئێستا کرێی دوو مانگ قەرزدارن و بەهۆی فرۆشتنی خانووەکەش لەلایەن خاوەنەکەیەوە، دەبێت لە ماوەی کەمتر لە مانگێک لەم خانووەش بچنە دەرەوە.