دەزگای خێرخوازیی بارزانی: رۆژانە بەربانگ بۆ حەوت هەزار کەسی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە ئامادە دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، زیاتر لە 395 هەزار خێزانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە لە هاوکارییەکانیان سوودمەندبوون؛ ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی دەزگاکە دەڵێت، رۆژانە بەربانگ دەدەنە 7 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا؛ لە عەفرینیش رۆژانە نان دەدەنە زیاتر لە 3 هەزار و 700 خێزان.
 
بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەزگای خێرخوازیی بارزانی، تائێستا 395 هەزار و 991 خێزان لە هاوکارییە مرۆییەکانی دەزگاکە سوودمەندبوون؛ زۆرینەیان لە مەرەش بوون لە باکووری کوردستان کە 119 هەزار و 627 خێزانن. هەروەها لە سنووری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان 73 هەزار و 548 خێزان لە هاوکارییەکانی دەزگاکە سوودمەند بوون.
 
رۆژی شەممە 1ـی نیسانی 2023، رەواج حاجی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاوکارییەکانمان بۆ زیانلێکەتووانی بوومەلەرزە بەردەوامن؛ لەم مانگەدا رۆژانە بەربانگ بۆ 3 هەزار کەس لە مەرەش و 2 هەزار کەس لە ئامەد لە باکووری کوردستان ئامادە دەکەین. هەروەها لە شاری هاتای تورکیا رۆژانە بەربانگ و پاشیڤ بۆ دوو هەزار کەس ئامادە دەکەین." 
 
لەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ رۆژئاوای کوردستان، رەواج حاجی کە هاوکات بەرپرسی دۆسییەی سووریایە لە دەزگاکە گوتی، لە عەفرین رۆژانە 3 هەزار و 710 خێزان نانیان پێدەدرێت و هەر خێزانێک 12 نان وەردەگرن. گوتیشی: "لە گوندەکانی سنوورەکەش هاوکارییەکانمان بەردەوامن؛ ئەمڕۆ شەممە لە شارۆچکەی شەرا هاوکاریی دەدەینە 700 خێزان کە بەتانی، دۆشەک، جلوبەرگ و خۆراکن."
 
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان بریتین لەمانە:
 
- ژەمە خۆراکی گەرم
- بەتانی، دۆشەک و سەرین
- ئاوی خواردنەوە
- ژەمە خۆراکی وشک
- ژەمە خۆراکی خێرا
- هاوکاریی پزیشکی
- جلوبەرگی جۆراوجۆر
- خێوەت
- پارەی کاش
- پاکێجی منداڵان و شیری منداڵان
- خەڵووز
- پێویستیی نێوماڵ
- ئامێری بیناسازی
 
ئەو شوێنانەی هاوکارییەکانیان پێگەیشتووە:
 
- مەرەش
- سەمسوور
- دیلۆک
- رووها
- ئامەد
- مەلەتی
- عەفرین
 - سلۆپی
- نوسێبین
- ئەدەنە
- هاتای
 
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکووری کوردستان روویدا کە کاریگەریی لەسەر تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو؛ بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 55 هەزار کەس لە سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان و برینداربوونی سەروو 100 هەزار کەس.