بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە: بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا 24 گوندی دینارتە چۆڵکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە دەڵێت بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شارۆچکەی دینارتە زیاتر لە 24 گوند چۆڵکراون، دەشڵێت، بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە ئەو شەڕەی بەسەر هاووڵاتییانی ئێمەدا سەپاندووە.
 
ئەمڕۆ هەینی 01-04-2022 شەعبان خەلیل بەرواری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە رووداوی راگەیاند، تائێستا هیچ شەڕێکی زەمینی لە نێوان پەکەکە و تورکیا لە شارۆچکەکەیان رووینەداوە، تەنیا هەندێکجار فڕۆکەی تورکیا بە گومانی هەبوونی چەکدارانی پەکەکە هەندێک ناوچە بۆردوومان دەکەن و بەو هۆیەشەوە تائێستا نزیکەی 24 گوندی سەر بەو شارۆچکەیە چۆڵکراون.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە گوتی: "هەبوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەو شەڕەی بەسەر خەڵکی ئێمەدا سەپاندووە، پەکەکە شەڕی خۆی هێناوەتە باشووری کوردستان و بیانووی داوەتە سوپای تورکیا بۆ ئەوەی بەردەوام گوندەکانی ئێمە بۆردوومان بکەن و خەڵکی ناچار بن گوندەکانیان چۆڵبکەن".
 
شەعبان خەلیل بەرواری رەفتاری هەردوو لایەنی شەڕەکە بەرانبەر هەرێمی کوردستان بە "نایاسایی" دەزانێت و دەڵێت: "رەفتاری هەردوو لایەنی شەڕەکە نایاساییە، هاتنی چەکدارانی پەکەکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان نایاساییە و ئەوەش دەبێتە بیانوو بۆ سوپای تورکیا، بەردەوام بۆردوومانی گوندەکانمان بکات، واتا پەکەکە رێخۆشکەری بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر خەڵکی ئێمە".
 
بەڕێوەبەری شارۆچکەی دینارتە داوا لە حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، گوشار بخەنە سەر هەردوولا بۆ ئەوەی ئەو مەترسی و بۆردوومانانە لە سنوورەکانی ئەوان رابگرن و جارێکی تر گوندنشینان بتوانن بچنەوە گوندەکانیان.
 
شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا ژیانی بۆ خەڵکی ناوچەی دینارتە قورس کردووە، بەشێک لە هاووڵاتییان بە دۆخێکی قورسی ئابووریدا تێدەپەڕن و وەک شەعبان خەلیل روونیدەکاتەوە، دینارتە ناوچەیەکی شاخاوییە و ژیان و بژێوی خەڵک لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و گژوگیا شاخاوییەکانە، بوونی ئەو شەڕە وایکردووە خەڵکی بێکار ببن و بە ناچار ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و روو لە شارەکان بکەن.
 
شەعبان خەلیل بەرواری رەتیکردەوە هیچ هێزێکی عێراقی لە دەڤەرەکەیان جێگیرکرابێت و دەڵێت: "هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەن و لەڕووی ئاسایشەوە تاڕاددەیەکی زۆر سەقامگیرە، بەڵام ناوچەکە شاخاوییە و ئەگەر هەندێک لایەن بە نایاسایی دێنە ناوچەکە، لەبەر چڕی شاخەکان دەرفەتی خۆحەشاردانیان هەیە، ئەگینا بەهۆی هێزی پێشمەرگەوە ناوچەکە لەڕووی ئاسایشەوە سەقامگیرە و هیچ هێزێکی عێراقی لە دەڤەری ئێمە نییە."