لە دهۆک 15 نەشتەرگەری لەڕێگەی 'نازوور'ەوە ئەنجامدران

 
رووداو - دهۆک

وۆرکشۆپێکی سێ رۆژە بە بەشداریی پزیشکانی چوار وڵات لە دهۆک لەبارەی نەشتەرگەری بە 'نازوور' کرایەوە و دوای وۆرکشۆپەکەش نەشتەرگەری بۆ 15 منداڵ کرا. بە گوتەی پزیشکان، ئەو رێگەیەی نەشتەرگەری بۆ نەخۆش باشترە و تێچوویشی کەمترە.
 
نێچیرڤان عیسمەت، باوکی باران دەڵێت، "خۆشحاڵین ئەم تیمە لە نەخۆشخانەی هێڤی بەبێ بەرامبەر [و بە نازوور] نەشتەرگەری[ی فتقیان] بۆ کوڕەکەمان دەکەن."
 
بۆ ماوەی سێ رۆژ و بە بەشداریی پزیشکانی تورکیا، ئوردن، میسر و تونس لە دهۆک وۆرکشۆپێک لەلایەن کۆمەڵەی ئاپیکی پزیشکانی نەشتەرگەریی منداڵان 'بە نازوور' بەڕێوەچوو، 30 پزیشکی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئامێری پێشکەوتوو فێرکران.
 
لە دواین رۆژی وۆرکشۆپەکەدا 15 نەشتەرگەریی جۆراوجۆ بۆ منداڵانی دهۆک کران. ئەو پزیشکانەی لە وۆرکشۆپەکەدا فێرکران، بەشێوەیەکی کرداری و بە سەرپەرشتیی پزیشکانی تایبەتمەندی نەشتەرگەریی 'بە نازوور' بە دەستی خۆیان لە نەشتەرگەرییەکان بەشدارییان کرد.
 
د. قادر محەممەد، تایبەتمەندی نەشتەرگەریی منداڵان دەڵێت، نەیاندەتوانی هەندێک جۆری نەشتەرگەری بکەن، هەرچەندە ئامێری پێشکەوتووشیان هەبوو، بەڵام فێرکار و توانای مرۆییان نەبوو، بۆیە ئەو وۆرکشۆپە زۆر گرنگ بوو کە تێیدا پزیشکەکانی هەرێمی کوردستان شارەزای بەکارهێنانی ئامێرەکان بوون بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
 
د. هاکار عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی پزیشکانی جیهانی نەشتەرگەریی منداڵان 'بە نازوور' دەڵێت، ئەوانەی بەشدارییان کردووە قوتابیی بۆردن یاخود تایبەتمەندی تازە دەرچوون، هەموویان لەژێر سەرپەرشتیدا لە نەخۆشخانەکان کار دەکەن، کەسیان سەربەخۆ ناتوانن نەشتەرگەر بکەن و رێگەیان پێنادرێت، دەتوانن بە سەرپەرشتیی مامۆستاکانیان کار بکەن.
 
بەشێکی ئەو نەشتەرگەرییانەی پێشتر کراون بەشێوەی کلاسیک یاخود شەقکردنی سک و جەستە دەکران، ئێستا 'بە نازوور' کارەکە دەکرێت و بە گوتەی پزیشکان، باشترە و نەخۆش راستەوخۆ دوای نەشتەرگەری دەچێتەوە ماڵەوە و پارەی کەمتر خەرج دەکات.