بەڕێوبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت: لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەی دەفتەری خام چارەسەر دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەفتەری خامی پاسپۆرت لە هەموو عێراق نەماوە، ئێستا دەرکردنی پاسپۆرت یاخود تازەکردنەوەی راگیراوە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 01-2-2023 لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەفتەری خامی پاسپۆرت لە هەموو عێراق نەماوە، ئێستا دەرکردنی پاسپۆرت یاخود تازەکردنەوەی راگیراوە، لەگەڵ بەغدا قسەمان کردووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگاتە دەستمان، هۆکاری دروستبوونی ئەو کێشەیە لە بەغدایە کە ئەو کۆمپانیایەی بەرپرسە لە دروستکردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت، کێشەیان هەیە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای چارەسەرکردنی کێشەکان، دەفتەرەکان چاپ دەکرێن و لە ماوەی چەند رۆژێکدا کاروباری هاونیشتمانییان رایی دەکەین."
 
ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت تەنیا مامەڵەکان رایی دەکرێن، بەبێ گەڕاندنەوەی پاسپۆرتەکان، چونکە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2022، بەهۆی نەمان و چاپ نەکردنی دەفتەری خام، لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەرهێنانی پاسپۆرت وەستاوە، بەو هۆیەش تائێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 15 هەزار کەس گەڕانەوەی پاسپۆرتەکانیان دواکەوتووە.
 
ئامێرەکانی چاپکردنی پاسپۆرت کوژێندراونەتەوە، تەنیا بۆ ئەو کەسانە کاری پێدەکرێت کە راپۆرتی پزیشکییان پێیە و دەبێت بە خێرایی بۆ چارەسەری پزیشکی گەشت بکەن.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە و پاسپۆرت و نشینگەی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نوێکردنەوەی گرێبەست و درەنگ خەرجکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، چاپکردنی دەفتەری خامی پاسپۆرت دواکەوتووە.