مەسرور بارزانی: دەبێت رێگری بکرێت لە دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان  و سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دادی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت رێگری بکرێت لە دەستدرێژیکردنە سەر زەوی و ماڵی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان.
 
رۆژی دووشەممە 2021/02/01 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەدان بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دادگەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرا.
 
هاوکات باس لە گرنگیی هاوئاهەنگیکردن و ئامادەبوون لە کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا کرا.
 
هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی هەزاران و گوندی کوردستان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە کرد.
 
مەسرور بارزانی داوای کرد کە وەزارەتی داد و دامودەزگا دادوەرییەکانی عێراق رۆڵی خۆیان بگێڕن لە سنووردانان و رێگریکردن لەو کارە نایاسایی و دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر ماڵ و زەویی هاونیشتمانییانی کورد لە ناوجە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی کە کار بۆ نەهێشتنی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچانە بکرێت.